كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان: 22 رۆژنامه‌نووس له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكردنی جه‌نگی غه‌ززه كوژراون

K24 – هەولێر:
كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان ئاماژه به‌وه ده‌كات له‌وه‌ته‌ی هه‌ڵگیرسانی جه‌نگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی زیاتر له 20 رۆژنامه‌نووس له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كوژراون.
ئه‌مڕۆ (شه‌ممه 21ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان (Committee to Protect Journalists) كه باره‌گاكه‌ی له شاری نیویۆركه، له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، له‌وه‌ته‌ی ده‌ستپێكی جه‌نگی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماسی فه‌ڵه‌ستینی 22 رۆژنامه‌نووسی كوژراون.
كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یدا باسی له‌وه كردووه، له كۆی ئه‌و ژماره‌یه‌دا 18 رۆژنامه‌نووس فه‌ڵه‌ستینه و له‌گه‌ڵ سێ ئیسرائیلی و لوبنانییه‌ك.
كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان روونیشیكردووه‌ته‌وه، هه‌شت رۆژنامه‌نووسی دیكه بریندار بوونه و سێ رۆژنامه‌نووسی دیكه‌ش ده‌ستگیركراون یانیش بێسه‌روشوێن بوونه.
كۆمیته‌ی پاراستنی رۆژنامه‌نووسان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشاوه، ژماره‌یه‌ك رۆژنامه‌نووسی دیكه‌ش ده‌نگۆی بێسه‌روشوێنبوونیان هه‌یه و هه‌ندێكیشان هه‌ڕه‌شه‌یان لێ كراوه و زیان به نووسینگه‌كانیان گه‌یشتووه.
بەرەبەیانی رۆژی 7 ی تشرینی یەکەمی 2023، بزووتنەوەی حەماس لە ئاسمان و وشکانی هێرشی کردە سەر ئیسرائیل و، پێنج هەزار مووشەکەی ئاڕاستەی سنوورەکانی ئەو وڵاتە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە كه دوێنێ هه‌ینی 20ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023 بڵاویكرده‌وه، لەماوەی 14 رۆژی بۆردوومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، چوار هەزار و 137 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە هەزار و 500ـیان منداڵن و زیاتر لە 13 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.