ژمارەیەک لە مامۆستایانی سلێمانی داوای دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن دەکەن
K24 – سلێمانی:
ئەگەر چى وەزیرى پەروەردە داواى لە مامۆستایانى سنوورى پارێزگاى سلێمانى کرد بگەڕێنەوە قوتابخانەکانیان و پڕۆسەى خوێندن درێژە پێبدەن، بەڵام مامۆستایان هەر بەردەوامن لە بایکۆت، هاووڵاتییانیش داوا دەکەن مامۆستایان کۆتایى بە بایکۆت بهێنن و بگەڕێنەوە هۆڵەکانى خوێندن.
ماف و مووچە لە بەغدایە و داواکارى و بایکۆت لە سلێمانییە، زیاتر لە 40 رۆژ بەسەر دەستپێکردنى پرۆسەى خوێندندا تێپەڕیوە، بەڵام مامۆستایان لەبرى هۆڵەکانى خوێندن سەرشەقامیان گرتووە و، ئەوان داواى مافەکانیان دەکەن، هاوکات دەڵێن: تا مووچەکانمان وەرنەگرین ناچینەوە هۆڵەکانى خوێندن. لە کاتێکدا مووچە و قوتى هاووڵاتییانى هەرێمی کوردستان ئێستا لاى بەغدایە و، ئەوە ئەرکى حکومەتى عێراقە داواى رادەستکردنى نەوت و داهاتەکانى دیکە هاوشێوەى پارێزگاکانى عێراق مووچە بۆ خەڵکى هەرێمی کوردستانیش بنێرێت.
جەمال جەبار، مامۆستا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، داواکارم لە حکومەتى عێراقى، چونکە ئێستا تۆپەکە کەوتووەتە ساحەى دەوڵەتى عێراقیەوە، هەردوولا رازیبوون مووچەکە لە رێگەى بانکەوە بگەیەندرێتە مامۆستایان و فەرمانبەران، ئیتر دەبێت هەنگاوى جددى بۆ بنێرێت.
لەلایەکی دیکەوە، سدیق هەڵەدنى، مامۆستا، گوتی: بەداخەوە قوت و مووچە و ژیانى هاووڵاتییان بە گشتى و فەرمانبەران و مامۆستایان بە تایبەتی کراوە بە قوربانى ململانێ سیاسییەکان، ئێمە نەک هەر داواکارییەکانمان روو لە بەغدایە، بەڵکو ئێمە لە 2017ـەوە رامانگەیاندووە، کە دەبێت بۆ داواکاریەکانمان رووبکەینە بەغدا.
ئەگەر چى بەشێک لە قوتابخانەکان بەتایبەت پۆلى 9 و 12 چەند رۆژێکە دەستیان بە دەوام کردووەتەوە، بەڵام قوتابییانى دیکە هێشتا هیچ وانەیەکیان نەخوێندووە، بۆیە درێژەکێشانى بایکۆت ناڕەزایەتى بەشێک لە هاووڵاتییانى لێ کەوتووەتەوە و دەڵێن: ئاییندەى منداڵەکانمان کەوتووەتە مەترسییەوە.
لەلایەن خۆیەوە، مستەفا محەمەد، هاووڵاتى، بۆ کوردستان24، دەڵێت:غەدر لە قوتابی دەکەن، بەڕاستى حەقە دەوامى خۆیان بکەن ئەگینا داهاتووی قووتابییان دەفەوتێت، بەڕاستى وەڵاهى من داویان لێ دەکەم بچنەوە سەر دەوامى خۆیان و دەوامى خۆیان بکەن، با داهاتووی قووتابییان نەفەوتێت.
دەرگاى قوتابخانەکان بەڕووى قوتابییاندا هێشتا نەکراوەتەوە، بەڵام لەبرى ئەوەى مامۆستایان لەنێو هۆڵەکانى خوێندندا بن، بەردەوامن لە بایکۆت و قوتابییانیش بێ بەشن لە پرۆسەى خوێندن، بەشێک لە هاووڵاتییانیش پێان وایە لەم نێوەندەدا تەنها زیان بە پاشەڕۆژى قوتابییان دەگات.