کچێکی دهۆک بەشداری لە لوتکەیەکی ساڵانەی گەنجان دەکات
K24 - هەولێر
لوتکەی جیهانی (یەک جیهانی گەنج) کە ساڵانە دەکرێت، زیاتر لە دوو هەزار گەنجی سەرکردەی لەسەر ئاستی هەموو وڵاتان کۆدەکاتەوە و کاردەکەن بۆ خێراکردنی کاریگەرییە کۆمەڵایەتییەکان چ لە ڕووی کەسییەوە و چ لە ڕووی دیجیتاڵییەوە. ئەمساڵ کچێکی دانیشتووی دهۆک بەشداری لە لوتکەکەدا کرد کە لە باکووری ئێرلەندا بەڕێوەچوو.
لە لوتکەکەدا نوێنەرانی زیاتر لە 190 وڵات لەلایەن سەرکردە سیاسی و بازرگانی و مرۆییە کاریگەرەکانی وەک سێر بۆب گێلدۆف، سەرۆک ماری ڕۆبنسن و دیدیەر درۆگبا و چەندانی ترەوە ئامۆژگاری دەکرێن بۆ بەکارهێنانی ئەو زانیاری و لێهاتووییانەی کە پێویستن بۆ بوون بە کەسێک کە گۆڕنکاری دروست بکات. نوێنەرانی لوتکە بەشداری لە چوار ڕۆژی گۆڕانکاری و وتار، پانێڵ، ئەنتەرنێت و وۆرک شۆپدا دەکەن.
گەنجانی بەشداربووی لوتکەکە دەرفەتی ئەوەیان هەیە وتاری سەرەکی پێشکەش بکەن، پلاتفۆرمێک لەگەڵ سەرکردە جیهانییەکان هاوبەش بکەن لەگەڵ میدیاکانی جیهان کە ئامادەبن. هەروەها نوێنەران دەتوانن لەگەڵ سەرکردەکانی جیهان پەیوەندی بکەن، و لەلایەن کاریگەرییە پسپۆڕەکانی پیشەسازییەوە ڕاهێنراو بن و پەیوەندییەکی بەردەوام دروست بکەن.
لوتکەی 2023 لە شاری بێلفاست لە باکووری ئێرلەندا بەڕێوەچوو و وەلا موشیر ئەحمەد دانیشتووی شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ 40 گەنجی دیکە بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا (MFA) بەشدارییان لە لوتکەکەدا کرد. وەلا سەرۆکی رێکخراوی "Better world"ـە کە بەهاوکاری لەگەڵ ژمارەیەک هاوڕێی لە ساڵی 2017 دایمەزراندووە.
گرنگە ئاماژە بەوە بکەین کە وەلا هەڵبژێردرا بۆ پێشکەشکردنی وتارێک لە کۆبوونەوەی پلینۆمی ئاشتی و ئاشتەواییدا کە چیرۆکی خۆی سەبارەت بەو دەستپێشخەرییەی کە بۆ پشتگیریکردنی کۆمەڵگا لاوازەکان (ئاوارە ناوخۆییەکان، پەنابەران، گەڕاوەکان و خەڵکی کۆمەڵگەی میواندار) دروستی کردووە، باس بکات. وەڵا هەروەها لە وتارەکەیدا باسی لە شەڕی داعش لە شنگال کرد و چۆن خەڵکی دهۆک وەڵامی دۆخی نائاسایی ساڵی 2014یان دایەوە و بە شانازییەوە باسی کوردستان کرد کە ماڵێکی سەلامەتە بۆ زیاتر لە ملیۆن ئاوارە.
وەلا لە بەشێکی وتارەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد: "لە ساڵی 2014 تیرۆریستانی داعش بە شێوەیەکی زۆر دڕندانە هێرشیکردە سەر شنگال و ژمارەیەک ناوچەی دیکەی عێراق، ئەو هێرشە دڕەندەترین بوو لە سەدەی 21ـەمین دا. داعش لەو هێرشە دڕندانەیدا زیاتر لە 18 هەزار هاووڵاتیی بێتاوانی کوشت و و تا ئێستاش چارەنووسی سەدان کچ و ژن و منداڵی ئێزدی کە لەلایەن داعشەوە رفێندراون، نادیارە.
ژمارەی کوردانی ئێزدی لە عێراقدا پێش شەڕی داعش لە 3ـی ئابی 2014دا 550 هەزار کەس بووە. ئێستا 135 هەزار و 860 کەسیان لەنێو کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و زیاتر لە 120 هەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ وڵاتانی دەرەوە.
ئەو گەنجەی شاری دهۆک لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد: "بەهۆی شەڕی داعشەوە سەدان هەزار هاووڵاتی شنگال و ناوچەکانی دیکەی عێراق ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون. جێگەی شانازییە بۆ من خەڵکی کوردستان و بەتایبەت خەڵکی دهۆک بە سینگێکی فراوانەوە پێشوازییان لەو ئاوارانە کرد و هاوکاریکردن."
بەپێی دوایین ئامارەکان، 926 هەزار و 18 ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستان هەن، لەو ژمارەیە 664 هەزار و 237 کەسییان ئاوارەن و 261 هەزار و 781 کەسییان پەنابەرن، ساڵانەش بۆ خەرجی ئەو ئاوارە و پەنابەرانە، هەرێمی کوردستان پێویستی بە 866 ملیۆن دۆلارە و حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆی گشتیی خەرجییەکان لە ئەستۆ گرتووە.
وەلا دەڵێت: "بە شانازییەوە لە ساڵی 2014ـەوە من و هاوکارە خۆبەخشەکانم لە رووی پزیشکی، دەروونی و مرۆییەوە هاوکاری سەدان منداڵ، گەنج و ژن و ئافرەتی دانیشتووی کەمپەکانی هەرێمی کوردستانمان کردووە و ئێمە ئێستا لەسەر ئەو کارەمان بەردەوامین و هەموو تواناکانمان لەو بوارەدا دەخەینەگەڕ. چونکە زۆرینەی ئەو ژن و منداڵانەی لەلایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییەوە رفێندرابوون، بە زۆر و لەژێر گوشاردا فێری بیرۆکەی تیرۆریستی دەکران".
ئەو گەنجەی شاری دهۆک لەباری رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان ئاماژەی بەوە کرد، "لە دوای شەش ساڵ کارکردن لە رێکخراوی "Better world" توانیومانە تا ئێستا زیاتر لە 100 گەنج دابمەزرێنین و زیاتر لە 300 گەنجی دیکەمان فێرە کارکردن کردووە و بەردەوامین لەسەر هەوڵەکانمان بۆ ئەوەی هەلی کار بۆ زۆرترین گەنجی شاری دهۆک و هەرێمی کوردستان برەخسێنین و فێری کاریان بکەین. گرنگە هەموومان بەیەکەوە کاربکەین بۆ ئەوەی بەم ئامانجەمان بگەین."