شەڕی غەززە لە نێوان روماڵی میدیایی و پیشەیی بوونی كاری روژنامەوانی

K24 - هەولێر
لە کاتێکدا شەڕی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە 7ـی ئۆکتۆبەرەوە دەستی پێکردووە و بەردەوامە، میدیاکان وەک یاریزانێکی سەرەکی شەڕەکە دەرکەوتوون و بەشدارن لە ئاراستەکردنی رای گشتیدا، پسپۆڕانیش جەخت لەسەر گرنگی پابەندبوون بە ستانداردەکانی هاوسەنگی و وردبینی لە رووماڵکردندا دەکەنەوە.
لەگەڵ دەستپێکی شەڕەکەدا، بەشێک لە میدیاکانی رۆژئاوا لەنێویاندا "سی ئێن ئێن"، گرنگی بەو دەنگۆیانە دا کە دەگوترا حەماس منداڵی سەربڕیوە، تەنانەت خودی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا لە یەکێک لە وتارەکانیدا ئاماژەی بەو شتە کرد، ئەمەش وایکرد کۆشکی سپی راگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە و پشتڕاستی کردەوە کە "ئەم زانیاریانە ورد نەبوون"، هەروەها لەلایەکی دیکەوە "BBC" داوای لێبوردنی کرد کە خۆپیشاندەرانی فەڵەستین لە لەندەن بە "لایەنگرانی حەماس" وەسف کرد بوو.
میدیاکانی رۆژئاوا هاوسۆزی ئیسرائیل بوون، وەک ئەندەرسۆن کوپەر، بێژەری سی ئێن ئێن، لە میانی هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ هاوڵاتییەکی ئیسرائیلیدا کە باسی لە ئەندامانی خێزانەکەی دەکرد کە لەلایەن حەماسەوە زیندانیکراون، فرمێسکەکانی لەچاوی قەتیس مابوو، لەلایەکی دیکەوە محەممەد عەبدوڵڵا، پێشکەشکاری کەناڵی ئەلغەد، لەکاتی رووماڵکردنی بەئامانجگرتنی کاروانێکی ئاوارەکانی غەززە لەلایەن ئیسرائیلەوە، لەپەخشی راستەوخۆ گریا، بە هەمان شێوە لەمیس ئەلحەدیدی لە میانی بەرنامەی "وشەی کۆتایی"دا لەسەر بۆردومانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی گریا.
دکتۆر حەسەن عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی زانکۆی رۆژهەڵاتی لەندەن لە بەریتانیا، بە رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی راگەیاند: "بەداخەوە کەناڵەکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرن کە هەواڵی ناڕاست و چەواشەکارانەیان بۆ رای گشتی پەخش دەکرد" ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن هەواڵ و وێنەی لایەنگرییان بەرامبەر لایەنەکەی تر پەخش دەکرد کە هەندێکیان بە مەبەست بوون و هەندێکی تریش بەهۆی وەرگرتنی زانیاری لە سەرچاوە لایەنگرەکانەوە بووە.
گوتیشی: "ئەم رۆڵەی کە هەندێک لە کەناڵە هەواڵییەکانی رۆژئاوا دەیگێڕن، راستییەکان دەشێوێنێت، رۆڵی راگەیاندن لە گەیاندنی هەواڵ بە بیروڕای گشتی بە دادپەروەرانە و بەبێ لایەنگری بەرامبەر لایەنێک بەسەر لایەنێکی دیکەدا رەنگ ناداتەوە".
باسی لەوەشکردووە، "هەندێک لە میدیاکانی رۆژئاوا بەهۆی ئەم چەواشەکاری و لایەنگرییانەوە، پێگەی خۆیان لەدەستداوە، هەر لە راپۆرتکردنی رووداوەکان و پێشکەشکردنی شیکاری کە مێژووی ئاڵۆزی پرسی فەڵەستین لەبەرچاو ناگرن".
دەشڵێت: "ئەم رووماڵە لایەنگرییانە ئەوەی پشتگوێ خستووە کە لە غەززە چی روودەدات، کە کوشتنی منداڵان و خەڵکی سڤیل بووەتە کارەساتێکی مرۆیی و پێشێلکردنی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان"، گوتیشی: "پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێکخراوە کاریگەرەکان دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەو کارەساتانە".
وەقار رەزەوی، رۆژنامەنووسێکی کەنەدییە کە تایبەتە بە پرسەکانی ئەخلاقی میدیایی، ئاماژەی بە بوونی لایەنگریی بە ئەنقەست لەلایەن میدیای رۆژئاواییەوە کرد، لە بەدواداچوونی شەڕی غەززە، ئەمەش بە ئامانجی ئەوەی بۆچوون و پاڵپشتیکردنی جیهان بەرەو لایەنی خۆی رابکێشێت، جەختیکردەوە، "هەوڵێکی کەم لەلایەن میدیاکانەوە دراوە بۆ ئەوەی هۆکار و چارەسەری ململانێکان دیاری بکەن، هەروەها شەڕ لە بۆشاییدا روونادات و راستییە مێژوویی و درێژخایەنەکان پێویستە بخوێنرێتەوە و وەک هۆکارە سەرەکییەکانی بەشداربوو لە ململانێکان تێبگەین.
سەبارەت بە ئەگەری بابەتیبوون و بێلایەنی لە رووماڵکردنی جەنگ و قەیرانەکاندا، ڕەزەوی گوتی: "میدیا ناتوانێت لەم جۆرە بارودۆخانەدا بابەتی بێت، مەگەر ئامانجی خۆیان بەو شێوەیە بێت، لەبەر ئەوەی زۆربەی دەزگاکانی راگەیاندن ئەجێندا و لایەنگری تایبەتیان هەیە، ئەوان تەنها ئەو کەسانە بەکاردەهێنن کە راپۆرت لەسەر ئەو لایەنگرییانە دەکەن".