نەوزاد شێخ کامیل: فرۆشتنی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە مارکێتەکان قەدەغەیە

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، لە هەر مارکیتێکدا جگەرەی ئەلیکترۆنی "ڤەیپ" هەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناودەبرێت.

خواستی بەکارهێنانی "ڤەیپ" یان هەمان جگەرەی ئەلکترۆنی لە کوردستان بە بیانووی جۆراوجۆر زیادیکردووە. رێباز، بەکارهێنەری جەگەرەی ئەلیکترۆنی  بە کوردستان24ـی راگەیاند، "چونکە نێرگەلە قەبارەکەی گەورەیە ناتوانی بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵ خۆتدا ببیەت، بۆیە جێگرەوەی نێرگەلە "ڤەیپ" بەکاردەهێنم و هەڵگرتنی ئاسانە و دەتوانی لەگەڵ خۆتدا بیبەیتە هەموو شوێنێک".

ئاماژەی بەوەشکرد، "جگەرەی ئەلیکترۆنی "ڤەیپ" تام و بۆنەکەی زۆر خۆشە و بەڕای من لە جگەرە باشترە".

لەلایەن خۆیەوە نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: لە ساڵی 2013ـەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێشنیاری قەدەغە کردنی "ڤەیپ" یان هەمان جگەرەی ئەلکترۆنی بۆ داوکاری گشتی  بەرزکراوەتەوە.  ئاماژە بەوەش دەکات، چەند مانگێکە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی  هێنانی  ئەو جۆرە جگەرەیەی بۆ کوردستان قەدەغەکردووە .

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی و پیشەسازی، لە ئێستادا لە هەموو شار و شارۆچکەکانی کوردستان تیمەکانیان دەستیان بە پشکنینی مارکێتەکان کردووە و لە هەر مارکیتێکدا جگەرەی ئەلیکترۆنی "ڤەیپ" هەبێت دەستی بەسەردا دەگیرێت و لەناودەبرێت.

فرۆشیارانی ئەم جۆرە جگەرەیەش دەزانن بریاری قەدەغەکردنی ڤەیپ دراوە و ئاگاداریش کراونەتەوە.