سبەی پارتی و گۆڕان لە پیرمام کۆدەبنەوە

لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی بزووتنەوەی گۆڕان و پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – سلێمانی:

وابڕیارە سبەی شاندێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان لە پیرمام سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان بکات و لەبارەی چەند پرسێکی گرنگ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق کۆببنەوە.

رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سبەی کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ، شاندێکی باڵای بزووتنەوەکەیان سەردانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکات.

لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوەکرد، هەردوولا لەسەر بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان و پارتی و زیاتر هەماهەنگیکردن لەسەر ئاستی حکومەتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.

هاوکات جەختی کردەوە، سبەی لە پیرمام گۆڕان و پارتی لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی بودجە و مووچە و یاسای نەوت و غاز و هەڵبژاردنەکان گفتوگۆ دەکەن.

کوردستان24 زانیویەتی، شاندەکەی بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرۆکایەتی عومەری سەید عەلی دەبێت و شاندی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە سەرۆکایەتی فازڵ میرانی، پێشوازی لە شاندەکەی بزووتنەوەی گۆڕان دەکات.