وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا: کونسوڵخانەمان لە هەولێر کراوەیە

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا.

K24 – هەولێر:

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، هەموو رێکارێکی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەڵێت، "بەبێ ئەوەی وردەکارییەکەی ئاشکرا بکەم هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆئەوەی لەکاتی پێویست وەڵامی پێویست بدەینەوە".

ئەمڕۆ دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) ماتیۆ میلەر، گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، رایگەیاند، "لەبارەی هێرشەکان بۆسەر هێزەکان و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە گوێتان لێبوو وەزیری دەرەوە باسیکرد، ئەمە شتێکە زۆر نیگەرانین لەبارەیەوە، بەبێ چوونە ناو وردەکاری هەنگاومان هەڵگرتووە بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە ئامادەین بۆ ئەو هێرشانە و وەڵامدانەوەی گونجاو".

گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، هاوکات راشیگەیاند، "باڵیۆزخانەکەمان لە بەغدا و کونسوڵخانەکەشمان لە هەولێر کراوەن و پابەندین بە رێککەوتنی ستراتیژی نێوانمان لەگەڵ عێراق و لەرێگەی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکەمانەوە کاردەکەین بۆ هێزترکردنی ئەو هاوبەشییە ستراتیژییە".

ماتیۆ میلەر، دەڵێت: "نیگەرانین لەسەلامەتی هاوڵاتیان و ستاف و بەرژوەندییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکە بەگشتی، هەربۆیە ئەو ئاگادارکرنەوەی گەشتکردنەمان راگەیاند و بریارماندا ئەو ستاف و تیمانەی زۆر پێویست و ئیمێرجێنسی نین عێراق بەجێبهێڵن، ئەمە شتێکە بەردەوام چاودێری دەکەین نەک تەنیا لە عێراق بەڵکو لە ناوچەکە بەگشتی".

گوتبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، باسی لەوەشکرد، هەموو رێکارێکی پێویستیان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی هێزەکانیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان، گوتیشی: بەردەوام چاودێری دۆخی عێراق دەکەین.

رۆژی یەکشەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2023) وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، هۆشداری دا دیپلۆماتكار و هاووڵاتییانی، كه‌ له‌ رێگه‌ی فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌غداوه‌ گه‌شت نه‌كه‌ن.

هەروەها باسی لەوەشکرد، كه‌ پێویسته‌ كارمه‌ندانی ناپێویستی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا، ئه‌و وڵاته‌ جێبهێڵن.

ئەم هۆشدارییە ئەمەریکا دوای ئەوە هات، هەر هەمان رۆژ بنکەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق بە سێ مووشەکی جۆری کاتیۆشا بۆردومانکرا.

ئەمە جاری چوارەمە لەماوەی دوو هەفتەدا بنکەی عەین ئەسەدی تایبەت بەهێزەکانی ئەمەریکا لە پارێزگای ئەنباری هێرشی بکرێتەسەر، کە دوایین هێرش لەرێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدرا.

بنكه‌ی سەربازی  عەین ئەسەد، گه‌وره‌ترین بنكه‌ی سەربازییە لە عێراق، 64 كیلۆمه‌تر له‌ باكووری به‌غداوە دووره‌، له‌ ده‌یه‌ی هه‌شتاكانی سه‌ده‌ی رابردوودا كۆمپانیایه‌كی یۆگسلافی درووستیكردووه‌، 39 ژێرزه‌مین و په‌ناگه‌ی پته‌وی بۆ پاراستنی فڕۆكه‌ تێدایه‌، له‌ سه‌رده‌می شه‌ڕی هه‌شت ساڵه‌ی عێراق و ئێراندا چالاكترین بنكه‌ی ئاسمانی عێراق بووه‌.

Fly Erbil Advertisment