دەزگای میدیایی باس: رۆژنامەنووسەکانمان لە سلێمانی بەهۆی نووسین و رادەربڕینەوە دەستگیرکراون

جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال
جەمال عەبدوڵڵا و عیماد بیلال

K24 – هەولێر:

لە راگەیاندراوێكدا دەزگای میدیایی باس و ئاژانسی هەواڵی باسنیوز ئاماژەیان بەوەکردووە، دوو رۆژنامەنووسیان لە سلێمانی بەهۆی نووسین و رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانیيەوە دەستگیرکراون.

رۆژی دووشەممە (23ـی تشرینی یەکەمی 2023) دەزگای میدیایی باس و ئاژانسی هەواڵی باسنیوز لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، "بەداخەوە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردوودا، دوو رۆژنامەنووسی ناسراوی شاری سلێمانی و هەرێمی كوردستان كە بریتین لە: جەمال عەبدوڵڵا، کە پارێزەرە و هاوكات نووسەر و رۆژنامەنووسە و لە ماڵپەڕی (باسنیوز) گۆشەیەكی وتارنووسی هەیە، هەروەها عیماد بیلال، رۆژنامەنووس كە پەیامنێرێكی چالاكی دەزگاكەمانە لە شاری سلێمانی، لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی شارەكە دەستگیر كراون و ئێستا لە زینداندان".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەکراوە، "لێرەوە جەخت دەكەینەوە، دەزگای میدیایی (باس) لە هەوڵەكانی لەسەر دەرخستنی راستییەكان بەردەوام دەبێت و ناچێتە ژێر باری هیچ جۆرە فشارێك، ئەو دوو هاوکارە رۆژنامەنووسەمان، هەر کەیسێکیان بۆ کرابێتەوە و دروستکرابێت هیچ لەو راستیە ناگۆڕێت کە بەهۆی نووسین و رادەربڕین و کاری رۆژنامەوانیيەوە گیراون".

دەزگای میدیایی باس و ئاژانسی هەواڵی باسنیوز داوا لە دەزگا دادوەرییە شاری سلێمانی دەكەن، بەپێی یاسای رۆژنامەگەری لە كوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007 مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووسە دەستگیراوەكانی سلێمانیدا بكەن.

هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "ئێمە لە دەزگای میدیایی (باس)، سەلامەتیی ژیان و تەندروستیی هەردوو رۆژنامەنووس دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی شاری سلێمانی کە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، چونكە ئەزموونێكی تاڵ لە مامەڵەكردن لەگەڵ رۆژنامەنووسان و گیراوان لەو شارەدا هەیە".

Fly Erbil Advertisment