بارزان عەلی حەمە: لە سلێمانی دیموکراتی تەنیا دروشمە

بارزان عەلی حەمە، رۆژنامەنووس
بارزان عەلی حەمە، رۆژنامەنووس

K24 – هەولێر:

رۆژنامەنووسێک رایدەگەیەنێت، شێوازێكی عه‌سكه‌رتارییه‌ت له‌ سلێمانی زاڵه، هەروەها دەشڵێت: ده‌زگا سه‌ربازییه‌كان له‌ سلێمانی باڵاده‌ستن و دامه‌زراوه‌كانیشیان کاری خۆیان ناكه‌ن.

بارزان عەلی حەمە، رۆژنامەنووس، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، ئەگەر 24 رۆژنامەنووسیش لە کاتژمێرێکدا لە سلێمانی دەستگیربکرێت سەرسام نابم، چونکە سلێمانی هەر وابووە، لە سلێمانی چوار جۆر حکومڕانی هەیە، هەرگیز یەکێتی وەک حزب لە سلێمانی حکومی نەکردووە، بەڵکو هەمیشە وەک سەربازگە مامەڵەی کردووە.

ئەو رۆژنامەنووسە باسی لەوەکرد، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا لەم جۆرە حکومڕانییە نابینی کە لە سلێمانی هەیە، لە سەردەمی مام جەلال دیموکراتییەک هەبوو، بەڵام لە سەردەمی ئەو هەموو حکومڕانییەی ئێستای سلێمانی ئەگەر شتێکت بەسەر بێت نازانی پەنا بۆ کێ ببەیت، چونکە سلێمانی کۆمەڵگەیەکی سەربازییە ناتوانی لەوێدا جگە لە لێکدانەوەی سەربازی لێکدانەوەی دیکەی بۆ بکەیت.

بارزان عەلی، دەڵێت: له‌ سلێمانی دیموكراتی ته‌نیا دروشمه، هەروەها ده‌زگا سه‌ربازییه‌كان له‌ سلێمانی باڵاده‌ستن و دامه‌زراوه‌كانیشیان کاری خۆیان ناكه‌ن.

ئەو رۆژنامەنووسە راشیگەیاند، "ئەوەی یەکێتی لەگەڵ تۆ دەیکا تۆ لەگەڵ ئەو بیکەیت دنیا دێنێتە سەر هێل و دەڵێت مافم پێشێل کراوە". روونیکردەوە، لە سلێمانی دیکتاتۆرییەت حکوم دەکات وەک کۆریای باکوورە، لەوێدا لەگەڵ حزب نەبیت شوێنت نابێتەوە، هەمیشە لە سلێمانی ئەقڵێکی دیکتاتۆری و سەربازی حکومی کردووە.

بارزان عەلی، گوتی: هەر کەسێک لە سنووری ئەودیوی دێگەڵە دەستگیربکرێت کۆمەڵێک سیناریۆت بۆ دروستدەکەن، وا بڵاودەکەنەوە کەوا تۆ لەسەر هەق نیت و دەبێت دەستگیربکرێیت، بەڵام لە دیوەکەیدیکەی دێگەڵەوە دەستگیربکرێیت دنیات لێ دێننە هەژان و تۆ بە دیکتاتۆر دەزانن و خۆشیان بە ماف خوراو.

گوتیشی: لە سلێمانی دەڵین  ئازادی هەیە، بەڵام ئازادییەکەیان تەنیا بۆ رۆژنامەنووسەکانی یەکێتی هەیە، بۆ ئەوانی دیکە نییە.

 ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، دوای ئەوەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، سەردانی دادگای سلێمانی دەکات لەسەر بنەمای ئاگادارکردنەوەی لەسەر بوونی سکاڵایەک، بەڵام لەلایەن دادوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەردەکرێت بەبیانووی بوونی فەرمانێکی دەستگیرکردن (امر قبض)ـی پێشتر.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو فەرمانەی بۆ دەستگیرکردنی نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا دەرکراوە، هیچ پەیوەندی بەو سکاڵا و ئاگادارکردنەوەیەوە نییە کە ئەو رۆژنامەنووسە بەهۆیەوە ئەمڕۆ سەردانی دادگای کردووە.

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا دوای دەستگیرکردنی، ئێستا لە گرتووخانەی راگرتن و گواستنەوەی سلێمانی دەستبەسەر کراوە.

نووسەر و رۆژنامەنووس جەمال عەبدوڵڵا، لە کابینەی شەشەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا گوتەبێژی فەرمی حکومەت بووە و لە چەندین دەزگای میدیایی نووسین و بابەتی بڵاوکردووەتەوە و خاوەنی چەند کتێبێکە، هەروەها لە کاری رۆژنامەنووسیشدا سەرنووسەری گۆڤار بووە.

Fly Erbil Advertisment