سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا دەست بە دانوستانی ئاشتی دەکەن

K24 - هەولێر

سوپای سوودان دوای چەند مانگێک دەگەڕێتەوە بۆ دانوستانی ئاشتیی لە جددە. جێگری فەرماندەی سوپاکە دەڵێت، پڕۆسەی دانوستانەکانی ئاشتی لە چەند قۆناغێک پێکدێت و کار بۆ راگەیاندنی ئاگربەستیش دەکرێت.

لە سوودان کە لە ناوەڕاستی مانگی نیسانەوە تا ئێستا جەنگی ناوخۆی تێدا دەگوزەرێت، سوپا بڕیاریدا بە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆکانی ئاشتیی بە نێوەندگیری سعوودیە-ئەمەریکا کە لە مانگی تەمووزدا هەڵپەسێردران.

جەنەراڵ شەمسەددین ئەلکەباشی، جێگری فەرماندەی سوپای سوودان، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، لەسەر ئەو بانگهێشتەی لە نێوەندگیرەکانەوە هاتووە، ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو، 26ـی ئۆکتۆبەری 2023، سوپای ئەو وڵاتە شاند ڕەوانەی شاری جددەی سعوودیە دەکات و دانوستانەکان بەردەوام دەبن.

کەباشی باسی لەوە کرد کە کۆبوونەوەکان بە بابەتە مرۆییەکان بە گەیاندنی هاوکاری بۆ ناوچەکانی جەنگیشەوە دەستپێدەکات و، لە قۆناغی دووەمدا باس لە ئاگربەست دەکرێت و لە قۆناغی کۆتاییشدا گفتوگۆ دەکرێت لە بارەی ڕێگا سیاسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ.

وەکو ئەوەی جێگری فەرماندەی سوپای سوودان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی پێ دا، ئامانج لە دانوستانەکان دەستەبەرکردنی ئاگربەستی درێژخایەن و دیالۆگێکی گشتگیرە لە سوودان.

لە 15ـی نیسانی ئەمساڵ، شەڕ و ناکۆکی لە نێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا سەریهەڵداوە، لە ئەنجامدا هەزاران کەس کوژراون و نزیکەی پێنج ملیۆن کەسیش ئاوەرەی ناوخۆ و دەرەوە بوون.

Fly Erbil Advertisment