د. نەزاکەت حوسێن: دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووسەکە لە سلێمانی پێشێلکردنی یاسایە

د. نـەزاکـەت حـوسێن، سکرتێری لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هــەرێــمی کــوردســتان (وێنە: کوردستان24)
د. نـەزاکـەت حـوسێن، سکرتێری لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هــەرێــمی کــوردســتان (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

د. نەزاکەت حوسێن دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووس لە سلێمانی بە "پێشێلکردنی یاسا" ناودەبات و دەڵێت، دەستگیرکردنیان "مەترسی بۆ سەر کاری ژینگەی میدیایی و ئازادی رادەربڕین دروست دەکات".

رۆژی دووشەممە 23ـی تشرینی یەکەمی 2023، جەمال عەبدوڵڵا، نووسەر و رۆژنامەنووس دوای ئامادەبوونی لە دادگای سلێمانی، بەبیانووی بوونی فەرمانێکی دەستگیرکردنی پێشتر، دەستگیرکرا. رۆژی پێشتریش عیماد بیلال، پەیامنێری باسنیوز لە سلێمانی بە هەمان شێوە بەبێ ئەوەی پێشوەختە ئاگادارکرابێتەوە، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی ئەو شارەوە دەستگیرکرا. هاوکات رۆژنامەنووس ئازاد بایز لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، رۆژی 11ـی ئەیلوول لەلایەن دەزگایەکی ئەمنیی یەکێتییەوە لە قەزای چەمچەماڵ دەستگیرکراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئۆکتۆبەری 2023، د. نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووسەکە لە سنووری سلێمانی جێگەی پرسیارە و داوای روونکردنەوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی شاری سلێمانی دەکەین، هۆکار چییە سێ رۆژنامەنووس لە ماوەی چەند رۆژێکدا دەستگیردەکرێن بەبێ ئاگادارکردنەوەی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و خودی رۆژنامەنووسەکان؟". گوتیشی، "دەستگیرکردنی سێ رۆژنامەنووسەکە پێشێلکردنی یاسایە و بە چەند رێگەیەک لەم دۆسیەدا یاسا پێشێلکراوە".

بە گوتەی د. نەزاکەت حوسێن، "مامەڵەکردنی ناتەندروست و فشار دروستکردن بۆ کاری رۆژنامەگەری؛ رێگریکردن، دەستگیرکردن، شکاندنی کەلوپەلی رۆژنامەنووسی یان هەر مامەڵەیەکی دیکەی نایاسایی و نائێتیکی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان بکرێت، مەترسی بۆ سەر کاری ژینگەی میدیایی، ئازادی رادەربڕین و دەروونی رۆژنامەنووسان دروست دەکات و، وادەکات ژینگەیەکی نائارام بۆ کاری رۆژنامەنووسی دروست ببێت".

سکرتێری لیژنەی بەرگریکردن لە رۆژنامەنووسان دووپاتیدەکاتەوە، "بەپێی یاسای ژمارە 35ـی ساڵی 2007ـی یاسای رۆژنامەگەریی هەرێمی کوردستان، کە یاسایەکی بەرکارە و هەموو میدیاکان کاری پێ دەکەن، رۆژنامەنووس نابێت دەستگیربکرێت و ئەگەر دۆسییەکی وا هەبێت کە دادگا بیەوێت دەستگیری بکات، دەبێت سەندیکای رۆژنامەنووسان ئاگاداربکرێتەوە و، رۆژنامەنووسیش وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکە ئەگەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووبێت، بەپێی یاسا پێویستە ئاگاداربکرێتەوە، بەڵام ئەم سێ رۆژنامەنووسە دەستگیرکراون لە کاتێکدا نەخۆیان ئاگادارکراونەتەوە و نە سەندیکای رۆژنامەنووسانیش".

وەکو ئەوەی د. نەزاکەت حوسێن باسی دەکات، "لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵین و ئاگاداری دادگاین کە دۆسیەی یەکێک لە رۆژنامەنووسەکان خراوەتە سبەینێ. ئەگەر رۆژنامەنووسکە لەسەر دۆسییەکی مەدەنی یان رۆژنامەنووسی دەستگیرکرابێت، مافی ئەوەی هەیە بە کەفالەت ئازادبکرێت تا رۆژی دادگاییکردنەکەی".