بەرپرسێکی رووسیا سێ وڵات بە هێرشکردنە سەر پردی کریمیا تۆمەتبار دەکات

تەقینەوەکەی پردی کریمیا
تەقینەوەکەی پردی کریمیا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی کریمیا سێ وڵات بە هێرشکردنە سەر پردی کریمیا تۆمەتبار دەکات و دەڵێت، "ئۆکرانیا ئەم هێرشەی بەتەنیا ئەنجام نەداوە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئۆکتۆبەری 2023، ڤلادیمێر کۆنستنتینۆڤ، سەرۆکی پەرلەمانی کریمیا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سێ وڵات لە هێرشە تیرۆریستییەکەی سەر پردی کریمیا تێوەگلاون لەناویشیاندا، دەزگای هەواڵگری رۆژئاوا.

پێشتریش ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست بە پشتبەستن بە لێدوانی ژمارەیەک سەرچاوەی ئەمنی بڵاویکردبووەوە، ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا بۆ هێرشکردنە سەر پردی کریمیا بەکاریهێناون، لە ئۆپەراسیۆنێکی نهێنیدا بەبەشداریی سی ئای ئەی و دەزگا هەواڵگرییەکانی دیکەی ڕۆژئاوا پەرەیان پێدراوە.

کۆنستنتینۆڤ دەڵێت، هێرشەکە ئامادەکاری و پلانێکی باشی بۆ دانرابوو و جگە لە دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا سێ وڵات بەشدارییان لە هێرشەکەدا کردووە. گوتیشی، "ئۆپەراسیۆنەکە سی ئای ئەی و ئێم ئای 6 ئەنجامیداوە و ئێمە هەرگیز باوەڕمان بە بێتاوانییان نییە."

سەرۆکی پەرلەمانی کریمیا باسی لەوەش کرد، "ئەوان ناتوانن خۆیان لە بەرپرسیارێتی بدزنەوە، دەبینین ڕۆژێک دەڵێن دژی بۆردومانی غەززەین و ڕۆژی دواتر دەڵێن، بەهەڵە لێیان دراوە".

یەکەمین هێرش بۆ سەر پردی کریمیا لە رۆژی 8ی تشرینی یەکەمی 2022 ئەنجامدرا. هێرشەکە لەرێگەی بارهەڵگرێک کە تەقەمەنی هەڵگرتبوو ئەنجامدرا. دواتر هەواڵگری ڕووسیا ڕایگەیاند کە دەسەڵاتدارانی کیێڤ دەستیان لە هێرشەکەدا هەیە.


ئـامادەکردن: لاڤین عومەر

Fly Erbil Advertisment