سوپای عێراق لە گوندێکی سەرگەڕان رەشبگیری ئەنجامدا

گوندی شەناغە - ئەرشیف
گوندی شەناغە - ئەرشیف

K24 – کەرکووک:

سوپای عێراق بەهێزێکی سەربازییەوە هەڵیانکوتایەسەر گوندی شەناغەی سەر بە شارەدێی سەرگەڕان و بیست جووتیاریان دەستگیر کرد.

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) برای یەکێک لەو جووتیارانەی سوپای عێراق دەستگیریکردووە بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک بەر لە ئێستا سوپای عێراق بەهێزێکی زۆرەوە گەمارۆی گوندەکەیاندا و داوایانکرد دەست لە کشتوکاڵکردن هەڵبگرن و نابێت زەوییەکانیان بەکاربهێنن.

سەرچاوەکەی کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، دوای رەتکردنەوەی داواکەیان لەلایەن جووتیارانەوە، هێزەکەی سوپای عێراق رەشبگیرییان لە دژی جووتیاران ئەنجامداو زیاتر لە 20 جووتیاری گوندەکەیان دەستگیرکردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لەنێو  دەستگیرکراوەکاندا، محەممەد ئیسماعیل، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕانی تێدایە، لە پەیوەندییەکیشدا لەگەڵ یەکێک لە جووتیارە دەستگیرکراوەکان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد زیاتر لە 20 جووتیار دەستبەسەرکراون و لە بارەگای فیرقەی هەشتی لیوای 32ـی فەوجی یەکی سوپای عێراقن.

ئەو جووتیارە دەستگیرکراوە ئاماژەی بەوەشکرد، دەیانەوێت بەزۆر بەڵێننامەمان پێ پڕبکەنەوە و دەست لە کاری کشتوکاڵی هەڵبگرین، ئەو جووتیارە دەستگیرکراوە لە رێگەی کوردستان24ـەوە، داوای لە نوێنەرانی لە پەرلەمانی عێراق کرد، بە هانایانەوە بچن و کۆتایی بەو ستەمە بهێنن کە لەبەرامبەریان دەکرێت.

هەروەها سەر لە بەیانی رۆژی دووشەممە (16ـی تشرینی یەکەمی 2023)، هێزێکی فیرقەی 11ی سوپای عێراق، چوونە ناو سەربازگەی ئەنفال لە گوندی تۆپزاوە، کە ئەو سەربازگەیە وەک هێمای ئەنفال و تاوانەکانی رژێمی بەعسە دەرحەق بە خەڵکی ناوچەکە، چونکە لەکاتی ئەنفال رژێمی بەعس خەڵکی دەستگیرکردووە و بردوونیەتە ئەو سەربازگەیە و لەوێوە رەوانەی بیابانەکانی سەماوە و عەرعەری کردوون، بۆیە خەڵکی تۆپزاوە داوا دەکەن سەربازگەی ئەنفال بکرێتە مۆزەخانە نەک وەکو سەردەمی بەعس جارێکی دیکە هێزی سەربازی لێ جێگیر بکرێت، دوای فشارەکان کشانەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، شەوی 6/7ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023، ھێزێكی سەربازی سوپای عێراق، هەڵیکوتایە سەر زەویوزاری جووتیارانی کورد لە گوندی پەڵکانە و مەڕەشە و کەرەستەی ئاودێریان شکاند، هێزەکە سەر بە فیرقەی هەشتی سوپای عێراقە و بەهەموو شێوەیەک کاری کشتوکاڵییان لە گوندەکانی پەڵکانە، شەناغه، سەربەشاخ، گابەڵەکە و خەرابە قەدەغە کردووە، هێزێکی زۆری سەربازیی لەنێو زەوییە کشتوکاڵییەکاندا بڵاوەیان پێکراوە و هەر جووتیارێک کاری کشتوکاڵی بکات دەستگیری دەکەن.

بەپێی بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 2012 ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لیژنەی کاروباری باکوور، زیاتر لە 700 گرێبەستی عەرەبی هاوردە هەڵوەشاوەتەوە و فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووکیش بە نووسراوی فەرمی فیرقەی هەشتی سوپای عێراقی ئاگادارکردووەتەوە رێگە لە کاری  کشتوکاڵی جووتیارانی کورد نەگرن، بەڵام سوپای عێراق گوێ بە داواکارییەکەی فەرمانگەی کشتوکاڵی کەرکووک نادات.

لەلایەن خۆیانه‌وه‌، جووتیارانی كورد بە کوردستان24ـیان گوت: "چەندین بڕیارمان هەیە بۆئەوەی ئەو زەوییانە وەربگرینەوە، بەڵام سوپای عێراق رێگریمان لێدەکات".

پێشتریش جووتیارانی گوندەکانی شارەدێی سەرگەڕان، فەرماندەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووکیان ئاگادارکردووەتەوە ئەگەر سوپای عێراق لەسەر رێگرییەکانی بەردەوام بێت خۆپیشاندانی بەرفراوان ئەنجام دەدەن.

یەکێک لە بڕگەکانی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق ئەوەیە کە عەرەبی هاوردە دەبێ بگەڕێنەوە بۆ شوێنی خۆیان و قەرەبوو بکرێنەوە، ئەگەر ئەم بڕگەیەی ئەو ماددەیە جێبەجێ بکرێت، رەنگە بەشێکی زۆر لەو کێشانەی کە ئێستا هەن لەسەر زەویوزاری جووتیارانی کورد چارەسەربن.

لە سنووری پارێزگای کەرکووک، ملیۆنێک و 100  هەزار دۆنم زەوی کێشەی لەسەرە، بە هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکان یەک لەسەر سێی کێشەکان چارەسەر دەبن، بڕیاری ژمارە 29ـی ساڵی 1975ـی تایبەت بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی لێژنەی کاروبارەکانی باکووریش کە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەساڵی 2012 بڕیاری لەسەرداوە و گشتاندنی بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە پێویستە لە رێگەی وەزارەتی دادی عێراقەوە، فشار لەسەر دادگاکان و فەرمانگەی تاپۆی کەرکوک بکرێت، بۆ گەڕاندنەوەی 900 هەزار دۆنم زەوی دیکەی جووتیارانی کورد و تورکمان.