حزبە تورکمانییەکان داوای پشتیوانی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەن

K24 – هەولێر:
لە ھەولێر 26 حزب و رێكخراوی توركمانی لەگەڵ ژمارەیەك كونسوڵ و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان دەربارەی پرسی كورسی كۆتاكان كۆبوونەوە و داوای پشتیوانی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ ئەوەی دەستكاری كورسی كۆتاكان نەكرێت. سەرۆكی پارتە توركمانییەكان دەڵێن: "دەستبردن بۆ كورسی كۆتاكان ھێڵی سوورە و بۆ ئەوەی نییە ھەندێك لایەن و حكومەتی عێراق ململانێی سیاسی پێ بكات".
حزب و لایەنە سیاسیەکانی تورکمان دژی ئەوەن پێداچوونەوە بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکرێت و دژ بە مافەکانی خۆیانی ئەزانن. مونا قەھوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت: "دەستبردن بۆ كورسی كۆتاكان ھێڵی سوورە، چونكە بۆ ئەوە نییە پرسەكە بۆ ململانێی سیاسی بەکار بھێندرێت لە لایەن حکومەتی عێراقەوە".
حزب و لایەنە تورکمانییەکان ئامانجیانە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیان بكات بۆ ئەوەی كێشە بۆ كورسی كۆتاكان دروست نەكرێت، بۆیە لەگەڵ ژمارەیەك كۆنسوڵ و نوێنەری وڵاتان كۆبوونەوە و داوای ھاوكارییان لێکردن.
لەلایەکی دیکەوە، عەبدولقادر بازرگان، سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەندێک لایەنی کوردستانی هەیە نووسراوێکیان ئاراستەی دادگای فیدراڵی کردووە کە تێیدا داوای ئەوەیان کردبوو بۆ کۆتایی هێنان بە کوررسی کۆتای تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، کە ئەمەش لێدانە لە پێگەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، محەمەد سەعدەدین، ئەندامی پێشووی پەرلەمان لە سەر پشکی تورکمان، گوتی: هەموو لایەنە تورکمانەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەك كونسوڵ و نوێنەری نەتەوەیەكگرتووەكان دەربارەی پرسی كورسی كۆتاكان، تورکمانەکان نیگەرانی خۆیان گەیاندە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و مەترسییەکانیان خستەڕوو، هاوکات داواشیان کرد پاڵپشتیان لێ بکرێت و درک بەو مەترسییە بکرێت و بەزووترین کات کێشەکانیان بۆ چارەسەر بکرێن.
هاوکات سامی شەبەک، ئەمینداری گشتی کۆمەڵەی لیبڕاڵی تورکمان لە لێداونێکیدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوەکرد، "لە دەستووری عێراقدا هاتووە ئەگەر هەر یاسایەک لە بەغدا دەربچێت دژی یاسای هەرێمی کوردستان بێت، هەرێمی کوردستان مافی ئەوەی هەیە رەتی بکاتەوە. گوتیشی: بەداخەوە بەغدا رۆژ بە رۆژ بەرەو مەرکەزییەت دەڕوات، کە مەترسییە بۆ سەر ئێمە"
26 حزبی سیاسی و رێکخراوی تورکمان پێنج داواکاری سەرەکیان ئاڕاستەی بەشێک لە کۆنسوڵ و نوێنەری نەتەوە یەکگرتوەکانكرد لەسەر پرسی کۆتایی پێکھاتەکانە وابڕیارە سەرەتای مانگی داھاتوو دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەم پرسە یەکلای بکاتەوە.
رۆژی یەکشەممە (8ى تشرینى یەکەمى 2023)، دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەی ژمارەیەک سکاڵا کە لە دژی پێنج ماددەى یاساى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان تۆمار کرابوون، کۆبووەوە. دواتر کۆبوونەوەکە بۆ سبەی یەکشەممە، 15ـی ئۆکتۆبەری 2023 دواخرا.
سکاڵاکان لە دژی پێنج ماددەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکراون کە تایبەتن بە ژمارەى کورسییەکانی پەرلەمان، یەک بازنەیی و فرە بازنەیی هەڵبژاردن و ژمارەی کورسی کۆتاکان لە پەرلەمانى کوردستان و، لەلایەن زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و ئامانج نەجیب شەمعوون، ئەندامى کریستیانەکان لە ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى تۆمارکراون.
لە ساڵی 1992 یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو. ساڵی 2004 یاسای هەڵبژاردن هەموارکرایەوە و ماددەی نۆیەمی یاساکە کە باسی لەوە دەکرد "هەرێمی کوردستان لە چەند ناوچەیەکی هەڵبژاردن پێکبێت" لابرا و هەرێمی کوردستان هەمووی کرایە یەک بازنەی هەڵبژاردن.
"دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان پێشلکارى دەستوورە و بۆ ناوبانگى هەرێمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باش نییە"
بریارە مانگى شوباتى ساڵى داهاتوو هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان بکرێت و بەشێک لە حزبەکان و شارەزایانى یاسایش پێان وایە هیچ پاساوێک نیە بۆ ئەوەى جارێکی دیکە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دوابخرێت و ههر ههوڵێكیش بۆ دواخستنی ههبێت زیان به بهرژهوهندییهكانی كوردستان و دام و دهزگاكانی دهگهیەنێت.
هەرێمى کوردستان، ئێستا یەکێک لە دامەزراوە گرنگەکانى کە پەرلەمانى کوردستانە کارناکات، پەرلەمان دەزگایەکە کە یاساکان دەردەکات و چاودێرى کارەکانى حکومەتیش دەکات، بڕیار وایە هەڵبژاردن لە ساڵى داهاتوو بکرێت.
مستەفا عەبدوڵڵا، کارگێڕى ئەنجوومەنى جێبەجێکردنى یەکگرتووى ئیسلامى، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتى عێراق بەهەمان شێوە پێى خۆشە بۆشایی یاسایی و دەستوورى لێرە دروست ببێت، رۆژ بە رۆژ حەزى لێیە هەرێم لاواز بێت و لە بیرى ئەوەدایە هەر هەڵبژاردن دوا بخات و درێژى بکاتەوە ماوەکەى کە نەکرێت، بۆ ئەوەى هەرێم بە تەواوى بکەوێتە بەردەم بۆشایی دەستوورى و یاسایی.
لەلایەن خۆیەوە، زانا تۆفیق، شارەزاى یاسایی، بە کوردستان24ـی گوت:"کاتێ کە تۆ ئەم هەڵبژاردنە ناکەیت مانای وایە دەزگا سەرەکی و یاساییەکانی تۆ دەکەونە ژێر پرسیارەوە، ئەو وڵاتانەى کە کونسوڵخانەیان هەیە لە هەرێمى کوردستان وەکو وڵاتانی ئەوروپا، خۆت دەزانى ئەو وڵاتانە وڵاتى سیستەمین و وڵاتى یاسایین، هەمیشە مامەڵە لەگەڵ دەزگاى یاسییدا دەکەن، دواخستنى هەڵبژاردنى پەرلەمانی کوردستان پێشلکارى دەستوورە و بۆ ناوبانگى هەرێمیش لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی باش نییە".
هەلبژاردن پرۆسەیەکى گرنگى دیموکراسییە مافى هاووڵاتییانە، ئێستاش هەرێمى کوردستان بەرەو هەڵبژاردنێکى گرنگ هەنگاو دەنێت بۆیە بەشێک لە بەرپرسانى حزبى و شارەزایانى یاسایی بە گرنگى دەزانن کێشە ناوخۆییەکانى بەشێک لەحزبەکان و گرفتەکان نەبێتە پاساو بۆ دواخستنى هەڵبژاردنەکان چونکە ئەگەر نیەتێکى واهەبێت ئەوا زیانى بۆ پڕۆسەى دیموکراسى کوردستان هەیە.
رۆژی پێنجشەممە (3ـی ئابی 2023)، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە مەرسوومێکدا رۆژی (25ـی شوباتی 2024) وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە و سەرجەم لایەنەکانی راسپاردووە بۆ ئەنجامدانی رێکارە پێویستەکان.
دڵشاد شەهاب ئاماژەی بەوەشکرد، دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆدەنگی لایەنە سیاسییەکانی لەسەرە و بە راوێژ لەگەڵ هەموو لایەنەکان، رێککەوتوون لەسەر دیاریکردنی ئەو رۆژە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
لەبارەی کۆتاییهاتنی ماوەی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، دڵشاد شەهاب، لە وەڵامی نەورەس عەبدوڵڵا، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەوان دڵنیاییان وەرگرتووە لەوەی کە ماوەی کارکردنی یاسایی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان درێژدەکرێتەوە کە لە (7ـی کانوونی دووەمی 2024) کۆتاییدێت، بەڵام بەپێی یاسای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ تەواوکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە راگەیاندنی ئەنجامەکانەوە تا پەسەندکردنی دانانی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کە هەندێک لە رێکارەکان پێویستی بە 90 رۆژە.