زیاتر له‌ 400 پارچە زەوی له‌ سلێمانی بەسەر زیندانیکراوان و گیراوانی سیاسی دابەش دەکرێت

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات زیاتر له‌ چوار سه‌د  پارچە زەوی بەسەر گیراوان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەکات.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 25ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیاندراوێکیدا ئاشکرای کردووە، 416 پارچە زەوی نیشتەجێبوون بەسەر گیراوان و زیندانیانی سیاسی دابەش دەکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە كۆى ئه‌و 1100 زيندانیكراو و گیراوه‌ سياسییه‌ی له سنوورى شارەوانى سلێمانى لەلايەن ئەنجومەنى وەزيران فەرمانى پێدانى زەويان بۆدەرچووە، 416 گیراو و زیندانیکراوی سیاسی كارى وردبينى مامەڵەيان تەواو بووە.

هه‌روه‌ها وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان دووپاتیکردووه‌تەوە، پێويسته ئەو زیندانیکراو و گیراوە سیاسیانەی ماونەتەوە و زەویان وەرنەگرتووە، دەست بە مامەڵەكانيان بكەن بۆ وەرگرتنی زەوى.

وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاگاداری ئەوانەش دەکاتەوە کە تا ئێستا فەرمانی وەرگرتنی زەویان نییە، وەزارەتەکەیان لە هەوڵدايە بۆ دابینكردنى زەوى بۆیان له هه‌ردوو پارێزگاى هەولێر و دهۆك.

ئەو 416 زیندانیکراو و گیراوە سیاسییه‌ی ناویان ڕاگەیەندراوە، رۆژى پێنج شەممه 26ـی تشرینی یەکەمی 2023، كاتژمێر (٩)ـی سه‌رله‌بەیانی لە هۆڵى رۆشنبيرى شاری سلێمانی ئامادە بن بۆ ئەنجامدانی تيروپشك و پێدانى دابەشکردنی زەوییەکان لەلایەن لیژنەی تایبەت.

كارزان حه‌یده‌ر