سه‌فین دزه‌یی: كار ده‌كه‌ین بۆ به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ چیك

K24 – هەولێر:
رێوڕه‌سمی رۆژی نیشتمانی چیك له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت و تێیدا به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه به په‌یوه‌ندی مێژوویی نێوان كورد و چیك ده‌كات و به پێویستیشی ده‌زانێت ئه‌و په‌یوه‌ندییانه به‌هێزتر و فراوانتر بكرێت.
ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه 25ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) رێوڕه‌سمی رۆژی نیشتمانی چیك له هه‌ولێر به‌ڕێوه‌چوو، تێیدا سه‌فین دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، ده‌یان ساڵه په‌یوه‌ندی له‌نێوان كورد و چیكدا هه‌یه، به‌تایبه‌ت مه‌لا مسته‌فا بارزانی له ساڵی 1958 سه‌ردانی مۆسكۆ و دواتر سه‌ردانی پراگی پایته‌ختی چیكی كرد و له‌وێوه ئه‌و په‌یوه‌ندییان له‌نێوان هه‌ردوولادا دروست بوون، به‌تایبه‌ت كه مه‌لا مسته‌فا بارزانی له پراگه‌وه به‌ره‌و قاهیره و له‌وێشه‌وه به‌ره‌و عێراق گه‌ڕایه‌وه.
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كی سیاسی و دیپلۆماسی گرنگ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و چیك هه‌یه، به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر ئاستی كردنه‌وه‌ی كونسوڵخانه‌ی ئه‌و وڵاته له هه‌رێمی كوردستان كه له‌و رێگه‌یه‌وه چه‌ندین په‌یوه‌ندی جۆراوجۆر دروست بووه.
به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، هه‌رێمی كوردستان پێزانینی بۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ چیك هه‌یه و كار ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌هێزتر و به‌فراوانتر بكات، كه پێیشی وایه ده‌توانێت په‌یوه‌ندییه‌كان له‌وباره‌یه‌وه پته‌و بكات.
سه‌فین دزه‌یی هاوكات سوپاسی چیكی كرد به‌تایبه‌ت كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان كه له هه‌رێمی كوردستان كار له‌سه‌ر كنه و پشكنین ده‌كه‌ن. گوتیشی، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتیوانی له كار و چالاكییه‌كانی چیك و كۆمپانیاكانی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كات. ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، شاندگۆڕینهوه له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش شاندێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی پراگی پایته‌ختی چیك ده‌كات، هه‌روه‌ك چۆن شاندێكی چیك سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستانیان كرد.