ساڵح قه‌لاب كۆچی دوایی كرد

K24 – هەولێر:
ساڵح حەمەد عەواد ئەلقەلاب بەنی حەسەن، ناسراو به (ساڵح قەلاب)، سیاسه‌تمه‌دار و میدیاکاری ئوردنی كۆچی دوایی كرد.
ناوبراو له چه‌ندین ده‌زگای میدیایی عه‌ره‌بی و جیهانی وەک نووسه‌ر و رۆژنامەنووس کاری کردووە، چه‌ندین پۆستی حکومی لە ئوردن وەرگرتووە، لەوانەش سەرۆکی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی رادیۆ و تەلەفزیۆنی ئوردنی لە ساڵی 2010-2011، هاوکات پۆستی وەزیری رۆشنبیری و راگەیاندن بووە ساڵی 2000 لە کابینەی حکومەتی عەبدولڕەئووف ئەلڕەوابدە، لە دوو کابینەی حکومەتی ئوردن وەزیری دەوڵەت و راگەیەندن بووە.
قەلاب ساڵی 1993 بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئوردن کاندیدکرا، بەڵام بەخت یاوەری نەبوو، لە کەناڵی ئێم بی سی پێشکەشکاری بەرنامە و لە چەند رۆژنامەیەکیش گۆشه و ستوونی دەنووسی، شرۆڤەکاری سیاسی پرسە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکان بوو.
ساڵح قه‌لاب له‌ساڵی 1944 له ئوردن له دایكبووه و ئه‌مڕۆ له ته‌مه‌نی 79 ساڵیدا كۆچی دواییكرد.
سەرۆک بارزانی بۆ کۆچی دوایی نووسەر و رۆشنبیری ناوداری ئوردنی ساڵح قەلاب پەیامی هاوخەمیی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس تویته‌ری پێشوو بڵاوکردەوە.
له به‌شێكی په‌یامه‌كه‌دا هاتووه: ساڵح قه‌لاب دۆستێکی نزیکی خۆم و بەرگریکاری دڵسۆزی گەلی کوردستان بوو.
لە دوو پەیامی سه‌ره‌خۆشی جیادا ، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی ساڵح قه‌لابی بە داکۆکیکاری دیاری مافەکانی گەلی کوردستان ناو هێناوە، وێڕای ئه‌وه‌ش نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان قەلابی بە دۆستی گەلی کوردستان وەسفکردووە.
كارزان حه‌یده‌ر