رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵ زانیاری نوێ له‌باره‌ی جه‌نگی نێوان ئیسرائیل و حه‌ماس ئاشكرا ده‌كات

بۆردوومانی غه‌ززه‌
بۆردوومانی غه‌ززه‌

K24 - هەولێر:

رۆژنامەیه‌كی ئەمه‌ریکی بڵاویکردووه‌تەوە، 500 چەکداری هەردوو بزووتنەوەی حەماس و جیهادی ئیسلامی فه‌ڵه‌ستینی، چەند هەفتەیەک پێشی هێرشەکەی 7ـی تشرینی یەکەم بۆ سەر ئیسرائیل، لە ئێران راهێنانیان پێکراوە.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 26ـی تشرینی یه‌كه‌می 2023) رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمه‌ریکی بڵاویکردووه‌ته‌وه‌، فەرماندەیەکی سەر بە فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێرانی سەرپەرشتی راهێنانەکانی به‌ چه‌كدارانی هه‌ردوو بزووتنه‌وه‌ی حه‌ماس و جیهادی فه‌ڵه‌ستینی کردووە لە مانگی ئەیلوولدا.

عەلی خامەنەئی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران پێشتر هەڵوێستی بێلایەنی و بێبەریبوونی وڵاتەکەی نیشاندا لە هێرشەکانی گرووپه‌ فەڵەستینیەکان بۆ سەر ئیسرائیل.

رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران راشیگه‌یاندبوو، گومانی تێدا نییە کە پشتیوانی لە خەباتی فەڵەستین دەکەن، بەڵام ئەوانەی دەڵێن ئێران لە پشتی ئەو ڕووداوانەیە، هەڵەن.

بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی تشرینی یەکەمی 2023، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆ ڕاگرتنی ناوەندەکانی چاودێری ئیسرائیلی زۆر پێشکەوتوو لە کەرتی غەززە بەکار هێنا لەگەڵ گلایدەرەکان بۆ فڕین بەسەر ئیسرائیل، هەندێکیشیان ماتۆڕسکیلیان به‌كارهێنا، كه‌ ئه‌مه‌ش بۆ یه‌كه‌م جار بوو چالاكییه‌كی له‌و شێوه‌یه‌ ئه‌نجام بدات.

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"ـی ئەمه‌ریکی لە زاری بەرپرسە ئەمریکییەکانەوە گواستویەتەوە، ئێران راهێنانی بە چەکدارەکانی حەماس و جیهادی ئیسلامی لەناو خاكی وڵاتەكه‌ی و له‌ ده‌ره‌وه‌ش كردووه‌،  به‌ڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر ئەوە نییه‌، كه‌ ئێران راهێنانی به‌کۆمەڵی بەو چەکدارانە کردبێ.

له‌لای خۆیه‌وه‌ دانیال هاگاری، گەورە گوتەبێژانی سوپای ئیسرائیل رایگه‌یاندووه‌، ئێران بەر لە جه‌نگ، هاوکاری راستەوخۆی بزووتنەوەی حەماسی بە پارە و چەک و راهێنان و تەکنەلۆژیا کردووە. هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی، تا ئێستا ئێران بە زانیاری هەواڵگری هاوکاری حەماس دەکات.

کارزان حەیدەر