پات رایدەر: هێرشێکمان بۆسەر هێزەکانمان لە هەولێر شكستپێهێناوە

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن.
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن.

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی پێنتاگۆن، شکستپێهێنانی هێرشێک لە هەولێر رادەگەیەنێت. هاوکات گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش بەردەوامن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (26ـی تشرینی یەکەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەمیانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە ئێران لە عێراق 12 جار هێرشیان کردووەتەسەر هێزەکانمان، هاوکات ئاماژەی بەوەدا، "هێزەکانمان لە سووریا چوار جار رووبەڕووی هێرشکردن بوونەتەوە".

گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەبارەی هێرشکردنەسەر هەولێر دەڵێت:هێرشێکمان بۆ سەر هێزەکانمان لە هەولێر شكستپێهێناوە، هاوکات گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێریش بەردەوامن.

پات رایدەر، سەرنجی بۆ ئەوەش راکیشا، ئەو هێرشانەی کرانەسەر هێزەکانمان لە عێراق سەرکەوتوو نەبوون، هاوکات بەرپرسیارییەتی هێرشکردنەسەر هێزەکانمان لە ئەستۆی ئێرانە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەرگریی لە هێزەکانمان دەکەین و هەرچی پێویست بێت بۆ پاراستنیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەیکەین.

هاوکات ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بەردەوامن و نەوەستاون.

رۆژی سێشەممە (24ـی تشرینی یەکەمی 2023) پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن، لەمیانەی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لەگەڵ ناردنی هێزی زیاتر بۆ ناوچەکە ئامانج لێی بۆ ئەگەری رووبەرووبوونەوەی هەڕەشەکانە ئەگەر شەڕەکە فراونتر بوو. پەیامێکە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئاڵۆزییەکە هەموو ناوچەکە بگرێتەوە، پێیان دەڵێین بیرۆکەیەکی خراپە".

گوتەبێژی پێنتاگۆن، گوتی: ئێمە هێزمان لە عێراق و سووریا هەیە. لە عێراق لەسەر داواکاری فەرمی ئەو وڵاتە لەوێن و ئامانجمان لەناوبردنی داعشە لە سووریاش هەمان ئەرکمان هەیە.

پات رایدەر، ئاماژەی بەوەدا، "دەبینین میلیشیاکانی سەربە ئێران یەکەمجار نیە هێرشدەکەنە سەر هێزەکانمان و دەیانەوێت ئاڵۆزی دروستبکەن و چاومان لەسەر ئەرکەکەمان لابدەن ئێمەش دەمانەوێت هەموو پێداویستیەکمان لەبەردەست بێت بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان و هیچکات دوو دڵ نابین لەپاراستنیان ئەگەر مەترسیان بکەوێتەسەر چونکە ئەرکێکی گرنگ رادەپەرێنن کە بۆ ئاسایشی نیشتمانیمان گرنگە ئەویش لەناوبردنی یەکجاری داعشە".

گوتەبێژی پێنتاگۆن ،گوتیشی: هێرشەکان بۆسەر هێزەکانمان لە عێراق و سووریا زیادیان کردووە، هەروەها سیستەمی بەرگری ئاسمانیمان لە ناوچەکەدا بۆ پاراستنی هێزەکانمان جێگیرکردووە.

Fly Erbil Advertisment