حکومەتی دانیمارک پڕۆژەیاسایەکی بۆ قەدەغەکردنی سووتاندنی قورئان پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی کرد

K24 – هەولێر:
وەزارەتی دادی دانیمارک بڵاویکردەوە، پڕۆژەیاسایەکیان بۆ قەدەغەکردنی سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان ئاراستەی پەرلەمان کردووە.
ئەمڕۆ هەینی (27ــی تشرینی یەکەمی 2023) وەزارەتی دادی دانیمارک بڵاویکردەوە، پڕۆژەیاسایەکیان بۆ قەدەغەکردنی سووتاندنیی کتێبە پیرۆزەکان ئاراستەی پەرلەمان کردووە، ئامانج لە پڕۆژەیاساکەش رێگریکردنە لەمامەڵەی ناشایستە لەگەڵ ئەو کتێبانەی بەپیرۆز دادەنرێن. بەدیاریکراویش کتێبە ئایینییەکان.
وەزارەتی دادی دانیمارک باسی لەوەشکرد، پڕۆژەیاسای قەدەغکردنی سووتاندنی کتێبە پیرۆزەکان 14 مانگی داهاتوو لەپەرلەمان گفتوگۆی لەسەردەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، بەشێکە لەچالاکوانان رەخنەیان لە پڕۆژەیاساکەی وەزارەتی دادی دانیمارک گرت و بە بەرتەسکردنەوەی ئازادییەکانیان لەقەڵەمدا.
پێشتریش لارس لۆکێ راسموسن، وەزیری دەرەوەی دانیمارک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی سیاسەتی دەرەوەی پەرلەمانی وڵاتەکەی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەوان لە هەوڵی ئەوەدان لە رێگای رێگریکردن لە سووتاندنی قورئان گرژییەکان کەم بکەنەوە.
وەزیری دەرەوەی دانیمارک باسی لەوەش کردووە، ئەوان ئەو هەنگاوانە بەهۆکاری ئەوەی لە ژێر گوشاردان ناگرنەبەر، بەڵکوو لێکدانەوەکان و بەرژەوەندی وڵات وادەخوازێ کە بەر لە تەقینەوەی دۆخەکە کارێک ئەنجام بدەن.
لەگەڵ ئەوەی وڵاتی دانیمارک سووتاندنی قورئانی سەرکۆنە کردووە، بەڵام بەپێی یاساکانی پاراستنی ئازادی رادەربڕین لەو وڵاتە ناتوانن رێگری لێبکەن.
ئەمەش دوای دێت رۆژی دووشەممە (24ـی تەمموزی 2023) چەند کەسێک لە بەردەم باڵەخانەی باڵیۆزخانەی عێراق لە دانیمارک، هەستان بە سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆز و بێڕێزیکردن بە ئاڵای عێراق، کە ئەمە جاری دووەمە لەو وڵاتە لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوودا ئەم کارە دووبارە دەکرێتەوە.
دوای ئەوەش، لە راگەیەنداوێکدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی سووتاندنی کۆپییەک لە قورئانی پیرۆزی کرد و جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، ئەو جۆرە کردەوانە توندڕەوی و رق و کینە زیاد دەکات و دەبێتە هەڕەشە لە بەردەم پێکەوەژیانی ئاشتیانەی کۆمەڵگەکان.