هۆڵەندا بۆ هاووڵاتییانی: عێراق جێبهێڵن

K24 - هەولێر
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە پەیامێکدا داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات، هەرچی زووە عێراق جێبهێڵن و لەو وڵاتە نەمێننەوە.
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، "بەهۆی رووداوەکانی غەززەوە خۆپیشاندان لە شارە سەرەکییەکانی عێراق ئەنجامدەدرێت، ئەگەری دروستبوونی توندوتیژی و بە ئامانجگرتنی خەڵک و لایەنە رۆژئاواییەکان هەیە، دۆخی ئەمنی عێراقیش دەکرێت لەناکاو تێکبچێت، هەر بۆیە داوادەکەین هاووڵاتییە هۆڵەندییەکان دەستبەجێ عێراق بەجێبهێڵن".
وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندا جگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، ناوچەکانی دیکەی عێراقئ بە زۆنی سوور دیاریکردووە و داوا دەکات، هاووڵاتییانی بەپەلە ناوچەی سوور بەجێبهێڵن و ئەگەر مانەوەیان لە عێراق زۆر پێویست بووە ئەوا لە ناوچەی پرتەقاڵی واتە هەرێمی کوردستان بمێننەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە، هەفتەی رابردوو هەریەکە لە ئەمەریکا و کەنەدا داوایان لە هاووڵاتییەکانیان کردبوو گەشت بۆ عێراق نەکەن، ئەگەر لەعێراقیشن وڵاتەکە جێبهێڵن.
هۆشداری وڵاتان بۆ هاووڵاتییانیان لە عێراق، دوای ئەوە دێت، لە چەند رۆژی رابردوو گرووپە چەکدارەکان لە چەند ناوچەیەک مووشەکیان ئاراستەی بنکەی هێزەکانی هاوپەیمانان کردووە، هەروەها هەڕەشەی وەدەرنانیان لە عێراق دەکەن.