رێکخراوە نێودەڵەتییەکان هۆشداری لە پچڕانی هێڵی ئینتەرنێت لە غەززە دەدەن

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ شەممە، 28 تشرینی یەکەم2023، دیبۆرا براون، بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری مافی مرۆڤ، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستەڕوو، پچڕاندنی هێڵی پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت لە کەرتی غەززە کە ڕووبەڕووی بۆردومانی توندی ئیسرائیل دەبێتەوە، کاریگەریی لەسەر گەیاندنی هاوکارییە مرۆیی و پزیشکییەکان دەبێت.
لای خۆیەوە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی لەوبارەوە ڕایگەیاند، پەیوەندییان لەگەڵ کارمەندەکانی لە کەرتی غەززە لەدەستداوە و ئاماژەی بەوە دا، "تێکچوونی ئەم پەیوەندییانە بەو مانایەیە کە بەدەستهێنانی زانیاری و بەڵگەی پێویستی پەیوەست بە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ کە لە دژی خەڵکی مەدەنی فەلەستینی لە غەززە ئەنجام دەدرێن، قورستر دەبن".
بەپێی ئاماری نووسینگەی هەماهەنگیی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ کاروباری مرۆیی (OCHA)، چەندین دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان پەیوەندییان لەگەڵ تیمەکانیان لە غەززە نەماوە. ، لین هاستینگز، ڕێکخەری مرۆیی ئۆتچا لە راگەیەنداروێکدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان و چالاکییەکانی نەخۆشخانەکان "بەبێ پەیوەندیکردن بەردەوام نابێت".
لەلایەکی دیکەوە مانگی سووری فەڵەستینی لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ڕایگەیاند، پچڕاندنی هێڵی پەیوەندیی، کاریگەری دەبێت لەسەر فریاکەوتن و گەشتنی ئەمبولانس، کە پزیشکان نەتوانن لەو هەلومەرجانەدا هاوکاری هاووڵاتییانی بریندار بوو بکەن و دەبێت سەلامەتی کارمەندانی پزیشکیشمان لەبەرچاوبێت.
ئـامادەکردن: لاڤین عومەر