ژمارەیەک بەشی پزیشکی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر کرانەوە

کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر (وێنە: کوردستان24)
کۆنفرانسی رۆژنامەوانی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

بە گوژمەی 255 ملیۆن دینار دینار، ژمارەیەک بەشی پزیشکی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر کرانەوە. پارێزگاری هەولێر دەڵێت، ساڵی رابردوو بە گوژمەی دوو ملیار دینار پشتیوانییان لە کەرتی تەندروستیی، لە پارێزگاکە کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی ئۆکتۆبەری 2023، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لەکاتی بەشداریکردنی لە رێوڕەسمی کردنەوەی ژمارەیەک بەشی پزیشکی لە نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر، رایگەیاند: "لە چوارچێوەی پلانەکانی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر؛ لەسەر بودجەی پارێزگا، بە گوژمەی 255 ملیۆن دینار و بەهاوکاری رێکخراوی UNHCR و ژمارەیەک هاووڵاتیی شارەکە، دوای نۆژەنکردنەوەیان، شەقام و ژمارەیەک بەشی پزیشکی نەخۆشخانەکەمان کردنەوە".

ئومێد خۆشناو گوتی، "لە چوارچێوەی پلانەکانماندا، ئەمڕۆ شەقامەکانی نێو نەخۆشخانەی فێرکاری هەولێر دوای قیرتاوکردنیان کراونەتەوە و هەردوو بەشی قاوشی گورچیلەی دەستکرد و بووژانەوەی دڵ، دوای نۆژەنکردنەوە و دابینکردنی ئامێر و کەلوپەلی پزیشکی، کراونەتەوە".

پارێزگاری هەولێر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "نەخۆشخانەی فێرکاریی هەولێر یەکێکە لەو شوێنانەی لەڕووی مێژووییەوە تەمەنێکی زۆر گەورەی هەیە و، لەڕووی پێداویستییەوە، بەردەوام پێدوایستی زۆرباشی هەبووە و، رۆژانە سەدان هاووڵاتیی بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی سەردانی دەکەن". 

وەکو ئەوەی ئومێد خۆشناو باسی کرد، "تەنها لە ساڵی رابردوو بە گوژمەی نزیکەی دوو ملیار دینار لەسەر گوژمەی پارێزگای هەولێر، پشتیوانی لە کەرتی تەندروستیی لە سنووری پارێزگای هەولێر کراوە، جگە لە بودجەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، وەزارەتی تەندروستی و پڕۆژە خێرخوازییەکان".

 

Fly Erbil Advertisment