گەڕەکێکی بەغدا زیاتر لە 15 ساڵە بێ ئاوە

K24 - بەغدا

زۆر لە گەڕەكەكانی پایتەختی عێراق ھێشتا بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانەوە گرفتارن، یەك لەو ناوچانە گەڕەكی ئوم عەسافیری بەغدایە، كە دانیشتووانی زیاتر لە 15 ساڵە بەدەست بێ ئاوییەوە دەناڵێنێنن، و دانیشتوانەكەی لە رێگەی بیرو تەنكەری گەڕۆكەوە ئاوی خواردنەوە دابین دەكەن.

 خەڵكی ئەو گەڕەکە ئاماژە بەوە دەکەن، لەگەڵ ھەر ھەڵبژاردنێكدا، پەرلەمانتاران كۆمەڵێك گفت و بەڵێنیان پێدەدەن، بەڵام تائێستا یەك بەڵێنیان جێبەجێ نەكردووە و ئەوان ھێشتا کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە.

فاھم كامیل، دانیشتوی گەڕەکی ئوم عەسافیر  بە کوردستان24ی گوت: "ئاو نە بۆ خواردنەوە و نە بۆ كشتوكاڵ كردن نییە، ھەفتەی جارێك تەنكەرێك دەھێنین و ھەر پێنج ماڵێك پارەكەی دەدەین و دەیكەینە تەنكییەكانی ماڵەوە".

حاڵی کارەباش لە حاڵی ئاوەكە باشتر نییە، نوێنەرانی دانیشتوانی ناوچەكەش بێ ئاگان و گفتەكانی كاتی ھەڵمەتی ھەڵبژاردنی پەرلەمانیان بیرچووەتەوە. 

هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتوی ئەو گەڕەکە بەناوی ئەنوەر ئەلشجێری، دەڵێت: "ئەم ھاوینە ژیانمان نەبوو، تۆڕی كارەبای ناوچەكەمان ھی سەدەی رابردووە، زۆر نوێنەرمان گەیاندە پەرلەمانی عێراق، بەڵام دوای ھەڵبژاردن نەمان بینینەوە و بەڵێنەکانی ھێنانی خزمەتگوازاریشیان راست نەبوو".

Fly Erbil Advertisment