شێروان دووبەردانی: وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە رێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان
"بابەتی مووچە وەک فشار دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت"

K24 - هەولێر
شێروان دووبەردانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بە رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و بابەتی مووچە وەک فشار دژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت.
شێروان دووبەردانی، لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "وەزارەتی دارایی عێراق پابەند نییە بەو رێککەوتنەی کە لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق کراوە، بەپێی رێککەوتنەکە دەبێ مانگانە 700 ملیار دینار وەک قەرز بۆ هەرێمی کوردستان بنێرن، تا یاسای بودجەی گشتی جێبەجێدەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت، نەناردنی ئەو بڕە پارەیە لەکاتی خۆیدا زوڵمە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دەکرێت".
گوتیشی: "هەندێک لایەن دەیانەوێت فشار لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست بکەن، دەستی هەندێک لایەنی سیاسی کوردستانیشی تێدایە، ئەو بڕە پارەی کە رێککەوتنی لەسەر کراوە، دەبێ مانگانە لەکاتی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە بکرێت".
شێروان دووبەردانی، جەختیکردەوە: "ئەو فشارەی دەخرێتە سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان رەنگە پەیوەندی بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەبێت، ئەوانەی کە هاوبەشی پارتین لە حکومەتی هەرێم، هەوڵدەدەن فشار بخەنە سەر حکومەت و پارتی، بۆ ئەوەی موزایەدە بە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانەوە بکەن".
ئەو پەرلەمانتارە، جەختیکردەوە: "لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ئەوە دراوە مانگانە 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، کە وەزیری دارایی خۆی ئامادەی کۆبوونەوەکە بووە، پرسیار ئەوەیە بۆچی ئێستا رێگرە لە ناردنی پارەکە بۆ هەرێم، ئەمە جگە لە فشاری سیاسی بۆ سەر حکومەتی هەرێم هیچی تر نییە".
دەربارەی هەڵوێستی کورد لە بەرامبەر بە سیاسیی کردنی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، شێروان دووبەردانی، دەڵێت: "دەبێ کورد لە بەرامبەر بەغدا یەک هەڵوێست بێت و نابێ چیتر یاری بە قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بکرێت، نابێ لەوە زیاتر ئەو بابەتە بە سیاسیی بکرێت".
سەبارەت بە کۆبوونەوەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەران، شێروان دووبەردانی رایگەیاند: "لە 9/11/2023 تا 9/1/2024 پشووی فەرمی پەرلەمانی عێراقە، بەڵام کۆبوونەوەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەسەر پرسە گشتییەکان بەردەوام دەبێت".