رێکخراوی تەندروستی جیهانی: داوای ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی نەخۆشخانەی قودس نیگەرانی کردووین

K24 – هەولێر:
رێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆی نیشاندا بەرامبەر داوایەکی ئیسرائیل بۆ دەستبەجێ چۆڵکردنی نەخۆشخانەی قودس لە کەرتی غەززە.
رۆژی یەکشەممە (29ـی تشرینی یەکەمی 2023) تیدرۆس ئەدهانوم گیبریسوس، بەڕێوەبەری گشتی لە رێکخراوی تەندروستیی جیهانی رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی ئاماژە بەوە دەکەن مانگی سووری فەڵەستینی هۆشداریان لە دەسەڵاتی ئیسرائیلییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی دەستبەجێ نەخۆشخانەی قودس لە کەرتی غەززە چۆڵ بکەن، "جێی نیگەرانی قوڵمانە".
ئەدهانوم گیبریسوس لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی، "راپۆرتی مانگی سووری فەڵەستینی لەبارەی چۆڵکردنی نەخۆشخانەی قودس، زۆر جێی نیگەرانیمانە".
ئەو بەرپرسەی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەشکردووە، پێداگیری دەکەین لەسەر ئەوەی، مەحاڵە نەخۆشخانەیەکی پڕ لە نەخۆش چۆڵ بکرێت.
هەر ئەمڕۆ مانگی سووری فەڵەستینی رایگەیاند، هەڕەشەکانی سوپای ئیسرائیلمان پێگەیشتووە بۆ دەستبەجی چۆڵکردنی نەخۆشخانەی قودس لە کەرتی غەززە لەبەر ئەوەی هێرشی دەکرێتە سەر.
مانگی سووری فەڵەستینی زیاتر ئاماژەی بەوە کردووە، لە بەرەبەیانی ئەمڕۆوە ئیسرائیل دەوروبەری نەخۆشخانەی قودس بە فڕۆکە بۆردومان دەکات و بە دووری 50 مەتر چەند باڵەخانەیەکی خاپوور کردووە.
هەر لەبارەی ئەو هۆشداریەی ئیسرائیل بۆ دەستبەجێ چۆڵکردنی نەخۆشخانەی قودس لە کەرتی غەززە، گوتەبێژی مانگی سووری فەڵەستینی بۆ میدیاکانی راگەیاندووە، هەست بە نیگەرانی توند دەکەین لە سەلامەتی تیمەکان لە نەخۆشخانەی قودس، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بۆ پارێزگاری لە گیان و سەلامەتی تیمە پزیشکییەکەی غەززە، بێنەدەنگ و پاش هۆشداری ئیسرائیل بۆ چۆڵکردنی دەستبەجێی نەخۆشخانەی قودس. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، 12 هەزار ئاوارە لەنێو نەخۆشخانەکەن و بەهۆی بۆردومانەکە و رووخانی ماڵەکانیان پەنایان بۆ ئەوێ بردووە.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
بەگوێرەی ئاماری میدیا ئیسرائیلییەکان، تا ئێستا زیاتر لە هەزار و 400 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی سێ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
لە بەرامبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە لەماوەی 23 رۆژی بۆردومانەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، زیاتر لە هەشت هەزار هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون کە سێ هەزار و 342ـیان منداڵن و دوو هەزار و 62ـیان ئافرەتن و 460ـیان بە ساڵاچوون و زیاتر لە 20 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون.
ئامادەکردنی/ کارزان حەیدەر