جوتیار عادل: ناكرێ مووچه وه‌ك بارمته دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێندرێت

K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی فه‌رمانگه و میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی گشتی عێراق، حكومه‌تی هه‌رێم ته‌رازووی پێداچوونه و ته‌واوی زانیاریی و داتا داراییه‌كانی بۆ وه‌زاره‌تی دارایی عێراق ناردووه. هاوكات ده‌شڵێت: "ناكرێ مووچه وه‌ك بارمته دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێندرێت".
جوتیار عادل سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی به‌شدارییان له به‌رنامه‌ی باسی رۆژی كوردستان24 كه ژینۆ محه‌ممه‌د پێشكه‌شی ده‌كات، رایگه‌یاند، هه‌ردوو دیوانی چاودێری (فیدراڵ و هه‌رێمی كوردستان)، به‌رده‌وام له هه‌ماهه‌نگی دان.
راشیگه‌یاند، ته‌رازووی پێداچوونه‌وه‌ی شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، كه له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه ره‌وانه كراوه، له‌لایه‌ن به‌غداوه په‌سه‌ندكراوه.
هه‌روه‌ها گوتیشی: "به پشتبه‌ستن به یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق، دوای یه‌كلاییبوونه‌وه‌ی ته‌رازووی پێداچوونه و په‌سه‌ندكردنی، ده‌بێت شایسته داراییه‌كان ره‌وانه بكرێ، كه تا ئێستا به‌شێكی زۆر كه‌م نێردراوه".
جوتیار عادل روونیشیكرده‌وه، بێجگه له شانده‌كه‌ی هه‌رێم، سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی سه‌ردانی به‌غدای كردووه و دۆخی دارایی هه‌رێمی كوردستانی بۆ حكومه‌تی عێراق و لایه‌نه سیاسییه‌كان روونكرده‌وه، له شه‌ش مانگی سه‌ره‌تای ساڵی 2023 ته‌واوی رێككاره‌كان له‌لایه‌ن هه‌رێمی كوردستانه‌وه جێبه‌جێكراون، كه پێویسته مانگانه تریلیۆنێك دینار بۆ هه‌رێمی كوردستان ره‌وانه بكه‌ن.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هیچ گرفتێك له‌به‌رده‌م ناردنی 700 ملیاره‌كه نییه، ره‌نگه هه‌ندێ بابه‌تی هونه‌ری ورد له دوای شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ، كه گرفته‌كان زۆر بچووكن، مابن، كه نابێت ببنه رێگر بۆ نه‌ناردنی شایسته‌ی دارایی هه‌رێمی كوردستان.
ده‌شڵێت: ئه‌و 700 ملیار دیناره‌ی كه بۆ مووچه ده‌نێردرێت، قه‌رزه، ناكرێت مه‌رجی له‌سه‌ر دابندرێت.
سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری باسی له‌وه‌شكرد، به‌ر له راگرتنی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام 30 رۆژ جارێك مووچه‌ی دابه‌شكردووه.
له‌باره‌ی دواكه‌وتنی 700 ملیاره‌كه، جوتیار عادل ده‌ڵێت: "هۆكاری دواكه‌وتنی 700 ملیاری مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێم، وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه".
هۆشداریشی دا، كه هه‌وڵ له به‌غدا بۆ لاوازكردنی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه ، ناكرێ حاشای لێبكه‌ین، ئه‌مه زیان نه‌ك ته‌نیا به كورد ده‌گه‌یه‌نێت، به‌ڵكو زیان به هه‌موو عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌باره‌ی دابه‌شكردنی راسته‌وخۆی مووچه‌ی مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غداوه، جوتیار عادل گوتی: "ئه‌م قسانه‌ی له‌وباره‌یه‌وه ده‌كرێن، راست نیین".
گوتیشی: "ناكرێ مووچه وه‌ك بارمته دژی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌كاربهێندرێت، ئێمه رێككه‌وتن ده‌كه‌ین، له به‌غداوه پێوه‌ی پابه‌ند نابن".
له‌باره‌ی هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی نه‌وتی هه‌رێم جوتیار عادل ده‌ڵێت: وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێم بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو پابه‌ندییه‌كانمان نیشانداوه، ئه‌وه‌ی ماوه حكومه‌تی عێراق و توركیایه بگه‌ن به لێكتێگه‌یشتن و دووباره ده‌ست به هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی به‌نده‌ری جه‌یهانه‌وه بكرێته‌وه.