هەدەپ داوای دامەزراندنی کۆماری دیموکراتی تورکیا دەکات

K24 – هەولێر:
دوای سەدەیەک لە دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیا، هەدەپ داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکات پێکەوە کۆماری دیموکراتی تورکیا دابمەزرێنن و پەند لە رابردوو وەربگرن.
رۆژی یەکشەممە (29ـی تشرینی یەکەمی 2023) تولای هاتمئۆغڵولەری و تونجەر باکیرهان، هاوسەرۆکانی پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (هەدەپ) بەبۆنەی سەدەمین ساڵیادی دامەزراندنی کۆماری تورکیا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و داوا دەکەن بە بەشداریی سەرجەم نەتەوە و بیروباوەڕە جیاوازەکان، کۆماری دیموکراتی تورکیا دابمەزرێنن.
لە راگەیەندراوەکەدا هاوسەرۆکانی هەدەپ، راشیانگەیاندووە، بێ ئەوەی سەدەیەکی دیکە بەهەدەر بچێت، پێویستە مافی گەلان و ستەملێکراوان بگەڕێندرێتەوە و یەکسانی مافی هاووڵاتیبوون بۆ خەڵکی تورکیا فەراهەم بکرێت.
هاوسەرۆکانی هەدەپ جەختیان لەوەش کردووەتەوە، کە بەدیموکراتکردنی کۆماری تورکیا، ئەرکی مێژووییانە و هەر لە رێگەی کۆماری دیموکراتەوە کێشەی کورد و سەرجەم کێشەکانی دیکەی تورکیا چارەسەر دەکرێن.
لە چوارەمین کۆنگرەی گشتیی خۆیدا کە لە (15ـی تشرینی یەکەمی 2023) بەڕێوەچوو، پارتی چەپی سەوز کە لە ساڵی 2012ـەوە دامەزراوە، ناوی خۆی گۆڕی بۆ پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (ھەدەپ) و هەریەکە لە تولای هاتمئۆغڵولەری و تونجەر باکیرهان بە هاوسەرۆکانی پارتەکە هەڵبژێردران.
پارتی یەکسانی و دیموکراتیی گەلان (ھەدەپ) لە پەرلەمانی تورکیا خاوەنی 62 کورسییە و لە هەڵبژاردنەکانی ئایاری رابردوو، لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی پشتیوانییان لە کەمال کڵچدارئۆغڵو کرد کە لە هەردوو گەڕی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە بەرامبەر ئەردۆغاندا سەرکەوتوونەبوو.
رۆژی (29ـی تشرینی یەکەمی 2023) 100 ساڵ بەسەر دامەزراندنی کۆماری تورکیا تێدەپەرێت، دامەزراندنی کۆمارەکە دوای شکستی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەکەم و دابەشبوونی بەسەر وڵاتانی هاوپەیمان دێت. دوای جەنگەکە و کرانەوەی چەند بەرەیەکی جیاوازی جەنگ، مستەفا کەمال کە دواتر نازناوی ئەتاتورکـی پێدەبەخشڕێت لەگەڵ هاوخەباتەکانی دەست بە جەنگێکی فراوان لە دژی وڵاتانی هاوپەیمانی جەنگی جیهانی یەکەم دەکەن. سەرئەنجام دەتوانن ئەو سنوورەی کە ئێستا هەیە، دیاریبکەن.
هەرچەندە لەگەڵ واژۆکرانی پەیماننامەی لۆزان لە 24ـی تەمموزی ساڵی 1923 تورکیا نازناوی وڵاتێکی سەربەخۆ وەردەگرێت، بەڵام تا 28ـی تشرینی یەکەم هیچ دەستوورێک بۆ شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات دەستنیشان نەکرابوو.
شەوی 28ـی تشرینی یەکەم، مستەفا کەمال کە ئەوکاتە سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا بوو، سەرجەم هاوکار و هاوسەنگەرەکانی خۆی بانگهێشتی کۆشکی چانکایا لە ئەنقەرە دەکات کە بریتین لە عیسمەت ئینۆنو، عەلی فوئاد پاشا، کازم کارابەکر، فەتحی ئۆکیار، خالید پاشا، کەمالەدین سامی، فوئاد ریزەلی و روشەن ئەشرەف.
لە ئێوارەخوانەکەدا دوای گفتوگۆیەکی درێژ مستەفا کەمال بۆچوونی خۆی لەبارەی شێوەی بەڕێوەبەردنی وڵات رادەگەیەنێت و دەڵێت، سبەی کۆماری تورکیا رادەگەیەنن. ئەو رۆژە تا بەرەبەیان دەستووری ساڵی 1921 دەستکاری دەکرێت و تا بەیانی مستەفا کەمال و عیسمەت ئینۆنو خەریکی نووسینەوەی دەستوور دەبن، سەرئەنجام لە 29ـی تشرینی یەکەم کۆمار رادەگەیەن و مستەفا کەمال ئەتاتورک بە یەکەم سەرۆک کۆماری تورکیا لەلایەن پەرلەمانەوە دیاری دەکرێت.