سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەچێتە بەغدا
.jpg)
K24 – هەولێر
بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی بودجە و مووچە بچێتە بەغدا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، سبەی سێشەممە 31/10/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری سەردانی بەغدا دەکات و پرسی بودجە و مووچە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق تاوتوێ دەکەن.
ئەمە لەکاتێکدایە تائێستا حکومەتی عێراق ئەو 700 ملیار دینارەی بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە کە بەپێی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق تا ئەوکاتەی یاسای بودجەی گشتی جێبەجێ دەکرێت و پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە رەوانە دەکرێت، تا کۆتایی ئەم ساڵ دەبێ حکومەتی عێراق بە شێوەی قەرز مانگانە بڕی 700 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات.
حکومەتی هەرێمی کوردستان جارێکی دیکە پابەندبوونی خۆی بە رێککەوتنەکان و پابەندییە یاسایی و دەستوورییەکانی دیکە بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی دووپاتکردەوە، لەپێناو چارەسەرکردنی ریشەیی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان. رۆژی یهكشهممه (29ـی تشرینی یهكهمی 2023)، وهزارهتی دارایی و ئابووریی حكومهتی ههرێمی كوردستان رایگەیاند، "ئهمڕۆ بە واژۆی وەزیری دارایی و ئابووری، راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە (میزان مراجعە)ـی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی هەرێمی کورستان رەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق کرد"، بەم هەنگاوەش جارێکی دیکە حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو بیانووەکانی وەزارەتی دارایی فیدراڵی بڕی بۆ ئەوەی چیتر ناردنی 700 ملیار دینارەکە دواتر نەخات".
رۆژی شەممە 28/10/2023، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو: "بڕیار وابوو هەفتەی پێشوو بڕی 700 ملیار دیناری مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی مووچە بکەین، بەڵام جارێکی دیکە پێچەوانەی هەموو لێدوان و قسە و باسی ناو کۆبوونەوەکان و رێککەوتنەکان ناردنی پارەکە دواکەوت. ئەم هەفتەیە شاندی هەرێم دەچنەوە بەغداو رۆژی سێشەممە حکومەتی فیدراڵ کۆبوونەوەی هەیە، دەمانەوێت کە بڕیارێکی کۆتایی و ریشەیی لەم بارەیەوە بدرێت و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان نەخرێنەوە ناڕەحەتی و سەختی".
راشیگەیاندووە: "لە ماوەی رابردوو نیەتی روونی حکومەتی هەرێم نیشاندرا بۆ رێککەوتن و گەیشتنە ئەنجام لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هیچ شتێک لەسەر ئێمە نەماوە کە ئەنجامی بدەین، بەڵام ئەگەر دۆخەکە بەمجۆرە بەردەوامبێت، لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافی دەستووری خەڵکی هەرێمی کوردستان ناتوانین بێ دەنگ بین".
هەفتەی رابردوو، باسم عهوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق، به كوردستان24ـی راگهیاند، دوای تەواوکردنی تەمویلی وەزارەتەکان بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبهران، وەزارەتی دارایی 700 ملیارەکەی هەرێم بۆ ئەم مانگە رەوانە دەکات و پێشتریش نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بۆ کوردستان24 جەختی کردەوە کە هیچ بەربەستێکی یاسایی و سیاسی لەبەردەم ناردنی 700 ملیار دینارهكه نییه، بەڵام تاوەکو ئێستا وەزارەتی دارایی فیدراڵی قۆناغی دووەمی ناردنی 700 ملیار دینارەکەی جێبەجێ نەکردووە.