یونسێف: سوودان گەورەترین ژمارەی ئاوارەبوونی منداڵانی لە جیهاندا تۆمارکردووە

ئاوارەبوونی سوودانییەکان
ئاوارەبوونی سوودانییەکان

K24 - هەولێر

سندوقی منداڵان لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسێف) لە راپۆرتێکدا رایگەیاند، سوودان گەورەترین ژمارەی منداڵانی ئاوارەی لە جیهاندا تۆمارکردووە، کە نزیکەی سێ ملیۆن منداڵ بەناچاری هەڵاتوون.

رێکخراوەکە، داوای کۆتایی هێنان بە شەڕ دەکات، هۆشداریشیدا لەوەی کە فراوانبوونی شەڕەکە، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژمارەیەکی زۆرتر لە منداڵان ناچاربن ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، ئەمەش رووبەڕووی مەترسی توندوتیژی و دەستدرێژی و هەراسانکردن دەبنەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس، هەفتەی رابردوو یونیسێف رایگەیاندبوو، 700 هەزار منداڵی خوار تەمەنی 5 ساڵ لە سوودان بەدەست بەدخۆراکیەوە دەناڵێنن، ئەگەر نەتوانن چاودێری بەدەستبهێنن، رووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ژمارەی ئەو خێزانانەی کە بەدەست برسێتیەوە دەناڵێنن لە سوودان نزیکەی دوو هێندە زیادیکردووە دوای شەش مانگ شەڕکردن، کە وڵاتەکەی خستۆتە دۆخێکی ئاژاوەگێڕییەوە.

لە 15ـی نیسان شەڕ و ململانێکان لەنێوان سوپای سوودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا روویدا، کە  بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە نۆ هەزار کەس، هەروەها ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، هاوکات قەیرانێکی گەورەی تەندروستی سەری هەڵداوە، لەکاتێکدا زیاتر لە نیوەی دانیشتووان پێویستیان بە یارمەتی مرۆیی هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بژین.