35 رۆژنامەنووس لە ئەنجامی هێرشەکانی سەر غەززە کوژراون

K24 - هەولێر
بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ؛ 35 ڕۆژنامەنووس لە کەرتی غەززە کوژراون.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئۆکتۆبەری 2023، نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە لە کەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە خۆی بڵاویکردووەتەوە، لە میانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە تا ئەمڕۆ، 35 ڕۆژنامەنووس کوژراون.
نووسینگەکە ناوی ئەو ڕۆژنامەنووسانەشی بڵاوکردووەتەوە کە لە هێرشەکاندا کوژراون و دەڵێت، بەهۆی تەقەی هێزەکانی ئیسرائیل لەسەر سنووری لوبنان، ڕۆژنامەنووسێک گیانی لەدەستداوە.
ئەمە لەکاتێکدایە هەوڵەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس و، گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە و ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی لای حەماس بەردەوامن.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە، 7ـی تشرینی 2023، باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و، تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی؛ فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ماوەی چەند هەفتەیەکە بە چڕی دەستیان بە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە کردووە.
بەپێی دوایین ئامار کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین لە غەززە بڵاوکراوەتە، لە ئاکامی ھێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تا ئێستا، ھەشت ھەزار و پێنج کەس کوژراون کە لەنێویاندا، سێ ھەزار و 324 منداڵ، دوو ھەزار و 62 ئافرەت و 460 بەساڵاچوو ھەن.
ھاوکات بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی ئیسرائیل، بەھۆی ھێرشەکانی حەماس بۆسەر ئیسرائیل تا ئێستا، ھەزار و 400 ئیسرائیلی کوژراون و پێنج ھەزار و 132ی دیکەیش برینداربوون، ھەروەھا 239 ئیسرائیلی دیکە بە بارمتە گیراون.