بەئەلیکترۆنیکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆتاییهات
K24 – هەولێر:
لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئەلیکترۆنیکردنی کارەکانی، بەئەلیکترۆنیکردنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ کۆتاییهات و بۆ لەمەودوا سەرجەم دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی ئەلیکترۆنی پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ دەکەن.
کاروبارێکی دیکەی حکومەت بە ئەلیکترۆنی کرا، لە چوارچێوەی هەنگاوەکانیدا، حکومەتی هەرێم بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی کاروبارەکان پلانی هەرێمی بؤ مافەكانی مرؤڤ کاروبارەکانی بە ئەلیکترۆنی کرد، ئەمە پرۆگرامەکەیە، لەبەردەست سەرجەم دامودەزگاکانە، ئەوان بە رێگەی ئەلیکترۆنی بۆ لەمەودوا پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ جێبەجێ دەکەن، 400 راسپاردە لەبەردەستی دامەزراوەکانە، رۆژانە زانیارییەکان بە رێگەی ئەلیکترۆنی دەگاتەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەلایەن خۆیەوە، میدیا هوشیار، راوێژکاری یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ کوردستان24 باس لەو هەنگاوە دەکات و گرنگی ئەو پرۆژەیە رووندەکاتەوە.
بە ئەلیکترۆنیکردنی پلانی هەرێمی مافەکانی مرۆڤ، نوێنەری دامەزراوەکان رێکخراوەکانی کۆکردووەتەوە، سیستمەکە لەبەردەستیانە، بەئەلیکترۆنیکردنەکە هەڵسەنگاندنی راپۆرتەکان ئاسان دەکات، کەمکردنەوەی تێچووی ماددیی لە کۆکردنەوەی زانیاریەکان، هەماهەنگی نێوان دامەزراوەکان بۆ جێبەجێكردنی پلانەكە ئاسان دەکات، دیندار زێباری: رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان زانیاری زیاتر دەخاتەڕوو.
هەروەها رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ پێشوازی لەم هەنگاوەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ پێشخستنی مافەکانی مرۆڤ و هۆگر چەتۆ، سەرۆكی رێکخراوی پاو بۆ کوردستان24 باس لە گرنگی ئەو هەنگاوە بۆ رێکخراوەکانی ئەو بوارە دەکات.