سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی لە کوردستان24 دەکات

دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کوردستان24 دەکات
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەردانی کوردستان24 دەکات

K24 – هەولێر:

بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی کوردستان24ـەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی ئاراستە دەکات و لەلایەن گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە، چەپکەگوڵی پیرۆزبایی بۆ کوردستان24 دەنێرێت.

رۆژی سێشەممە (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی دامەزراوەی کوردستان24ـی کرد و لەلایەن ئەحمەد زاوێتەیی، بەڕێوەبەری گشتی دامەزراوەکەوە پێشوازی لێکرا.

گوتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی بەڕێوەبەران و کارمەندانی دامەزراوەی کوردستان24 کرد بەبۆنەی هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنییەوە و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامەی بۆ خواستن.

لەلایەن خۆیەوە دڵشاد شەهاب، ستایشی رۆڵی کوردستان24ـی کرد لە کاری میدیایی خۆیدا لە کوردستان و هیوای خواست زیاتر دەستپێشخەری بکات بۆ لەیەکدی نزیککردنەوەی لایەنەکان و کۆکردنەوە و کرانەوەی زیاتر لەپێناو خزمەتکردنی پرسە نەتەوەیی نیشتمانییەکان.

لە (31ـی تشرینی یەکەمی 2015) دامەزراوەی کوردستان24 بۆ توێژینەوە و راگەیاندن دامەزراو و لەو کاتەوە بەردەوامە لە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەکان لە رێگەی میدیا جیاوازەکانییەوە، تەلەفزیۆن، رادیۆ، وێب سایت و پلاتفۆرمە جیاوازەکانی سۆشیال میدیاوە.

کوردستان24 لەم ماوەیەدا وەکو میدیایەکی پرۆفیشیناڵ، توانیویەتی پیشەییانە لە کوردستان و ناوچەکە و جیهان، هەواڵ و زانیاری بگوازێتەوە و رۆڵی گرنگی هەبووە لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان.

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی جیهان، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن، هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات.

کوردستان24 كارده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتەوایی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان. كارده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری ژینگه‌پارێزی، پەروەردەیەكی تەندروست، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئینتیمای تاك بۆ خاك و نیشتمان.

Fly Erbil Advertisment