دەرهێنانی پاسپۆرت بە سیستەمی کۆن رادەگیرێت

پاسپۆرتی عێراقی
پاسپۆرتی عێراقی

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پاسپۆرت لە وەزارەتی ناوخۆ بڵاویکردەوە، لە مانگی ئاداری ساڵی 2024ـی داهاتوودا، دەرکردنی پاسپۆرتی ئاسایی رادەگرن، بەڵام لە هەمان کاتیشدا کاری پێدەکرێت و پەسەندکردنیشی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە پشتڕاست کردەوە.

بەڕێوەبەری گشتی پاسپۆرت، عەمید ماجد عەدنان، بە رۆژنامەی سەباحی راگەیاند: بەڕێوەبەرایەتیەکەیان بەردەوامە لە دەرکردنی پاسپۆرتی ئاسایی لە رێگەی لقەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە، کە لە سەرانسەری بەغدا و پارێزگاکاندا هەیە، بەڵام لە مانگی ئاداری داهاتووی ساڵی 2024، دەرکردنی ئەمجۆرە پاسپۆرتە رادەگرێت، ئەمەش دوای گۆڕینی سەرجەم فەرمانگەکانی پاسپۆرت بۆ کارکردن بە پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، گوتیشی: پاسپۆرتی ئاسایی لەلایەن هەموو وڵاتانی جیهانەوە پەسەند کراوە تا کۆتایی ماوەی بەسەرچوونی.

ئاماژەی بەوەشدا، هەوڵێکی زۆر لەلایەن بەرێوەبەرایەتییەکانەوە دەدرێت بۆ ئەوەی زۆرترین فەرمانگەکان و کار بە سیستەمی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی بکەن، کە تا ئێستا 22 فەرمانگە هەیە کار بە پاسپۆرتی ئاسایی دەکەن.

عەدنان راشیگەیاند، لە چەند رۆژی داهاتوودا، پێنج بەڕێوەبەرایەتی دەکرێتەوە بۆ کارکردن بە پاسپۆرتی نوێ (ئەلیکترۆنی) لە پارێزگاکانی دهۆک، موسەنا و زی قار و دیالە و سەلاحەددین، جگە لە کردنەوەی فەرمانگە دیپلۆماسییەکان بۆ دەرکردنی پاسپۆڕتی نوێ لە هۆڵەندا و وڵاتانی دیکە کە لە پلانەکاندا هاتووە.

دەشڵێت: نەوەی سێیەمی پاسپۆرتەکان لەلایەن رێکخراوی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتییەوە باوەڕپێکراون، کە پلەی باوەڕپێکراوی بە پاسپۆرتەکە داوە و هیچ ناڕەزایەتیەک نییە بەرامبەر ئەو پاسپۆرتە، چونکە تایبەتمەندی تەکنیکی بەرزی هەیە کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا پەسەند کراوە.

Fly Erbil Advertisment