رۆژنامەیەک: پاپا فرانسیس رەتیکردووەتەوە چاوی بە سەرۆککۆماری عێراق بکەوێت

K24 - هەولێر
لەسەردانەکەی سەرۆککۆماری عێراقدا بۆ رۆما، لەتیف رەشید هەوڵیداوە چاوی بە پاپای ڤاتیکان بکەوێت، بەڵام شاندەکەی ئاگادار دەکرێتەوە کە ناتوانرێت ئەو چاوپێکەوتنە ئەنجام بدرێت.
سەرچاوە ئاگادارەکان لە کەنیسەی کاسۆلیکی کلدانی لە عێراق بە "عەرەبی جەدید" یان راگەیاند، لەکاتی سەردانەکەی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بۆ رۆما، کە لە ناوەراستی مانگی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدابوو، پاپا فرانسیس رێگری کردووە لەوەی چاوی پێبکەوێت، رەتکردنەوەکەش وەکو کاردانەوەیەک بووە لەبەرانبەر ئەوەی لەتیف رەشید، بە لویس ساکۆی کردبوو.
لە ماوەی مانەوەی لەتیف رەشید سەرۆککۆماری عێراق لە رۆما، بڕیار بوو سەردانی پاپای ڤاتیکان بکات، بەڵام پاپای ڤاتیکان رەتیکردەوە چاوی پێبکەوێت.
سەرچاوەکانیش ئاماژەیان بەوەکرد، "دواین سەردانی سەرۆککۆماری عێراق بۆ رۆما، سەردانی پاپا لەکارنامەدا نەبووە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بۆ ئیتالیا خراوەتە نێو بەرنامەی کارەوە، داوای کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ پاپا کردووە، بەڵام تیمی سەرۆککۆماری عێراقییان ئاگادارکردەوە کە کۆبوونەوەکە ئەنجام نادرێت".
دەشڵێن: "پەیامەکەی پاپا بە شێوەی زارەکی بە سەرۆککۆماری عێراق گەیەندراوە، لە پەیامەکەدا پاراستنی پێکهاتەی مەسیحییەکانی عێراق و گەڕاندنەوەی مافەکانی دەسەڵاتە ئایینیەکانی تێدابووە"، بەمەش شاندەکەی عێراق هەستیان بەوە کردووە کە پاپا، ئاسوودە نەبووە بەو شتانەی کە لەگەڵ پاتریارک لویس ساکۆ لە ماوەی رابردوودا روویداوە، کە بە زۆرەملێ لە پێگەی ئایینی خۆی دوورخرایەوە.
مانگی تەمموز سەرۆککۆماری عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی دا، کە پاتریارک لویس ساکۆ وەک سەرۆکی کەنیسەی مەسیحی لەو وڵاتە ناساندبوو، هەرچەندە رووداوەکەی ساکۆ لە زۆرێک لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوبووەوە، بەڵام لەتیف رەشید پێداگری لە سەرهەڵوێستەکەی کرد.
دەسەڵاتی دادوەری عێراق، لە مانگی تەمموزدا، فەرمانی بانگهێشتکردنی ساکۆی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن و جنێودان و ناوزڕاندن دەرکرد، ئەمەش بە پشتبەستن بە داوایەکی یاسایی کە لەلایەن پارێزەرێکی سەر بە میلیشیای بابلیۆن تۆمارکرابوو، کە بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی رەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات، دواتر ساکۆ بەغدای بەجێهێشت و هاتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.
سەرکردایەتی مەسیحییەکان لە عێراقدا گرژی و ململانێی لە نێوان پاتریارکی کەنیسەی کلدان، لویس ساکۆ و سەرۆکی میلیشیای "بابلیۆن"، رەیان ئەلکیلدانی، دروستکردووە، یەکتر لە رێگەی میدیا و کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانەوە، لەسەر پێگەی ئایینی و سیاسی پێکهاتەکە تۆمەتباردەکەن.
لویس ساکۆ پێشتر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، هێرشی کردە سەر رەیان کلدانی، بەو پێیەی کە ئەو "نوێنەرایەتی پێکهاتەی مەسیحی ناکات"، و تۆمەتباری کرد بە تێوەگلان لە دزینی موڵکی مەسیحییەکان، گوتیشی: "رێگە بەخۆم نادەم مشتومڕ لەسەر کەسێکی وەک رەیان کلدانی بکەم کە موڵکی مەسیحییەکانی بەغدا و نەینەوا و دەشتی نەینەوای دزیوە، هەروەها هەوڵی کڕینی پیاوانی ئاینی مەسیحییەکان دەدات، بە هاوکاریی ژنێک کە لە پۆستی وەزیردا دایناوە، بە ئاماژەدان بە وەزیری کۆچ و کۆچبەران، ئیڤان فایق جابرۆ، کە سەر بە بزووتنەوەی بابلیۆنە".