لویس ساکۆ: بزووتنەوەی بابلیۆن مەسیحی نییە

K24 - هەولێر

لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدان، رایگەیاند، دڵتەنگم بەوەی دوو دەیەیە بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و دووڕوویی و نەبوونی بەرژەوەندی جددی لە بنیاتنانی دەوڵەتێکی سەروەری و یاسا و دادپەروەری و یەکسانی و هاووڵاتیبوون و دەستەبەرکردنی سەلامەتی و ژیانێکی شایستە بۆ هاووڵاتیان لە وڵاتەکەمان روودەدات.

گوتیشی: من وەک پاتریارکی مەسیحی کلدانی عێراقی لە عێراق و جیهاندا، هەمیشە داوای خۆشەویستی و برایەتی و ئەخلاقی باش و دیالۆگم کردووە، هەروەها دابەشبوون و ڕق و کینەم رەتکردووەتەوە، داوای رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤی عێراق و چەسپاندنی بەهاکان و پێکەوەژیانم کردووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لەبارەی منەوە دەزانرێت، ئەوەیە کە من موجامەلەی کەس ناکەم و پارە لە کەس وەرناگرم، هەروەها رێنمایی لە کەس وەرناگرم و لە کەسیش ناترسم، ئەوەی دەیڵێم لە ئیمان و باوەڕمەوە سەرچاوە دەگرێت لە گوتنی راستییەکان، کە بە ئەرکێکی ئایینی و ئەخلاقی دەزانم.

گەلی مەسیحی عێراق درێژکراوەی گەلانی کۆنی وەک کلدان و ئاشووری و سریانی و ئەرمەنییە و لەلایەن کەسایەتییە دیار و دڵسۆزەکانی نەتەوەییەوە نوێنەرایەتی دەکران، دەشڵێت:  دۆخەکە بووەتە چی؟ تۆقاندن و ئاوارەبوون و لەدەستدانی مافەکان، کە گەورەترین هۆکار بریتییە لە وەرگرتنی میتۆدێکی تائیفەگەری و سەرهەڵدانی میلیشیایەک کە خۆی بە مەسیحی ناودەبات، بەڵام لە راستیدا نە مەسیحییە و نە کلدانی.

جەختیشیکردەوە، لە گۆڕەپانی سیاسیدا بە پشتیوانی لایەنە ناسراوەکان ناسراو بووە، ئێستاش بەردەوامە لە هەوڵەکانیدا بۆ کۆنترۆڵکردنی پێکهاتەی مەسیحی و دەستبەسەرداگرتنی رۆڵ و پێگەیان.

ئابڕوچونەکانی بزووتنەوەی بابلیۆن (چوار برا و زاواکەیان) زۆر روون و ئاشکران، هەروەها خۆی بە بزووتنەوەیەکی بەرگری ناودەبات، کە سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبییە، پاڵنەری بزووتنەوەکە لە بنەمادا ناسراوە بۆ گەڕاندنەوەی شکۆ و مافەکان نەک گەڕان بەدوای دەسەڵات و پارەدا.

ئاماژە بەوەشکراوە، بابلیۆن بۆچوونی مەسیحی و کلدانییەکان دەرنابڕێت، بەڵکو پێشێلکاریی بەرامبەر موڵک و ماڵی ئەوان دەکات، چەند نموونە و بەڵگە هەیە ئەویش، دەنگ کڕین و کڕینی هەندێک لە پیاوانی ئایینی بە شێوەیەکی سیستماتیک و کراوە بۆ دابەشکردنی کەنیسەکان (نەک مەسیحییەکان).

هەروەها فشارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی کۆماری لە دژی من، بەدەستهێنانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران.

هەروەها هەوڵدان بۆ دانانی "زاوا"کەیان وەک سەرۆکی دیوانی ئەوقاف بۆ ئایینەکانی مەسیحی و ئێزیدی و سابیئەو و مەندائی، سووتاندنی حەمدانییە.

جگە لە ئەنجامدانی هەڵمەتی زانیاری ناڕاستی ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی درۆی هەڵبەستراو، وەک ئەوەی بانگەشەی کۆبوونەوەی لەگەڵ پاپا فرانسیسدا دەکرد.

هەموو ئەم کارانە ئامانجیان تیرۆرکردنی مەسیحییەکان و ئاوارەبوونە لە پێناو دەستبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی ئەوان،  ئومێدمان بە دادپەروەری ئیلاهی هەیە، هەروەها هەوڵی موسڵمانانی عێراقی کە پابەندن بە پرەنسیپە ڕەسەنەکانی ئیمان و نیشتمانپەروەری و مرۆڤایەتییەوە، ئەم نموونانە درەنگ یان زوو هەر دەڕۆن و راستییەکان ئاشکرا دەبن.

مانگی تەمموز سەرۆککۆماری عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی مەرسومی دا، کە پاتریارک لویس ساکۆ وەک سەرۆکی کەنیسەی مەسیحی لەو وڵاتە ناساندبوو، هەرچەندە رووداوەکەی ساکۆ لە زۆرێک لە رۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بڵاوبووەوە، بەڵام لەتیف رەشید پێداگری لە سەرهەڵوێستەکەی کرد.

دەسەڵاتی دادوەری عێراق، لە مانگی تەمموزدا، فەرمانی بانگهێشتکردنی ساکۆی بە تۆمەتی سووکایەتیکردن و جنێودان و ناوزڕاندن دەرکرد، ئەمەش بە پشتبەستن بە داوایەکی یاسایی کە لەلایەن پارێزەرێکی سەر بە میلیشیای بابلیۆن تۆمارکرابوو، کە بەشێکە لە هێزەکانی حەشدی شەعبی رەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات، دواتر ساکۆ بەغدای بەجێهێشت و هاتە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان.

Fly Erbil Advertisment