خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی یەمەن لە مافەکانیان بێبەشن

K24 - هەولێر:
هاوکات لەگەڵ بەردەوامبوونی جەنگ لە یەمەن، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە، رووبەڕووی چەندین کێشە بوونەتەوە، کە لە هەموویان خراپتر، پشتگوێخستنی ئەوانە لەلایەن حکومەتەوە، بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، لە ماوەی نۆ ساڵی جەنگی بەردەوامی یەمەندا، خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە، لە هەموو ماف و شایستە و خزمەتگوزارییەکی پێویست بێبەش بوون، بە گوتەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان خاوەن پیداوستییە تایبەتەکان 15%ـی دانیشتووانی وڵاتەکە پێکدەهێنن.
عەبدولڕەحیم سوڵتان، خاوەن پێداویستی تایبەت، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەم دوكانە بچووکەدا کاردەکەم، بۆ دابینكردنی بژێوی ژیانم پشتم بەخۆم بەستووە، ئەگەر لەماڵەوە بم، كەس ھیچم ناداتێ، لەم كارەمدا زۆر ماندوو دەبم، بەڵام ئیتر ئەوە ژیانە".
عەبدولڕەحیم سوڵتان تەمەنی 20 ساڵە و خاوەن پێداویستی تایبەتە، دانیشتووی یەکێک لە گوندەکانی سەر بە پارێزگاری تەعزی یەمەنە، تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیانی لەسەر دوکانێکی بچووکە، چونکە ھیچ پرۆژەیەكی چاودێری و شیاندن نەماوە ھاوكاری بكەن.
عەبدولڕەحیم، یەكێکە لەو چوار ملیۆن کەسەی كە لە یەمەندا خاوەن پێداویستی تایبەتن، بەپێی مەزەندەكانی رێكخراوی تەندروستی جیھانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان 15%ـی كۆی دانیشتووانی یەمەن پێكدەھێنن، هەروەها خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان گیرۆدەی پشتگوێخستنی حكومەتن و لایەنە پەیوەندیدارەكانیش چاودێری پێویستیان بۆ دابین ناكەن، چونكە نزیكەی نۆ ساڵە حكومەت بۆ ئەو مەبەستە ھیچ پارەیەكی تەرخان نەكردووە، ئەوەش بەسەر ژیانی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكاندا رەنگی داوەتەوە .
لەلایەن خۆیەوە ئەمیر عەقلان، بەرپرسی رێكخراوی نابینایان لە تەعز بە کوردستان24ـی گوت: "زۆر لەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانە بەھۆی شەڕەوە ئەندامێكیان لەدەستداوە، ژمارەیەكی دیکەشیان بەھۆی نەبوونی دەرمان و چاودێری پێویست رەوشیان خراپتر بووە، لە بواری تەواوكرنی خوێندنیشیاندا، زیانێكی زۆریان بەركەوتووە".
ھەر بەھۆی جەنگەوە، ژمارەی ئەو رێكخراوانەش كەم بوونەتەوە كە خزمەتگوزاریان بە خاوەن پێداویستیەكان پێشكەش دەكرد، چونكە لە 300 رێكخراوەوە ژمارەیان بووەتە 26 دانە، بەپێی راپۆرتی ئەمنستی، سەرباری زۆربوونی ژمارەیان، بەڵام ھێشتا پشتگوێ خراوون، ھەرچەندە بەردەوام داواكاری بۆ ھاوكاریكردنیان ھەیە، بەڵام بێ سوودە .