رێکخراوی هەنگاو: لە ئێران سزای لە سێدارەدان زیادیکردووە

K24 - هەولێر
رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی مانگی رابردوو بەراورد بە مانگی ئەیلوول لە سێدارەدانی زیندانییەکان لە ئێران زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە مانگی رابردوودا "چوار بەندکراوی کورد و چوار بەندکراوی تورک و پێنج بەندکراوی دیکەی خەڵکی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێران سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا جێبەجێکراوە".
لەراپۆرتەکەدا ئەوەشهاتووە، لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵدا، 78 کەس لە بەندیخانەکانی ئێران لە سێدارە دراون، بە بەراورد بە مانگی ئەیلوول 51 حاڵەت زیادیکردووە، لەناو سزا دراوانیش چوار کەسیان کورد بوون".
ئاماژە بەوەشکراوە، بەگوێرەی ئامارەکان لەسێدارەدان بە رێژەی 65% زیادی کردووە، کە لە هەر دوو رۆژدا پێنج بەندکراو لەسێدارە دراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، زۆرترین رێژەی لەسێدارەدراو لە بەندیخانەکانی پارێزگای ئەلبورز بووە، کە 22 کەس تۆمار کراوە، هەروەها لە بەندیخانەی پارێزگای کرمان 10 کەس، پارێزگای فارس هەشت کەس، پارێزگای خوراسانی باشوور شەش کەس، ئەسفەهان پێنج کەس و گەیلان چوار کەس لەسێدارە دراون و ئەوانی دیکەش لە پارێزگاکانی دیکە تۆمارکراون.