تایلەند: لە ئێران گفتوگۆمان لەگەڵ حەماس کردووە بۆ ئازادکردنی هاووڵاتییەکانمان

سەرۆکوەزیرانی تایلەند
سەرۆکوەزیرانی تایلەند

K24 - هەولێر

شاندێکی بانکۆک لەگەڵ سەرکردەکانی بزووتنەوەی حەماس لە ئێران کۆبوونەوە بۆ دانوستان سەبارەت بە 22 هاووڵاتی تایلەند، کە لە کاتی هێرشەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل بە بارمتە گیرابوون.

بەرپرسی دانوستانکاری تایلەندییەکان، ئاریبین ئوتاراسین، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە کۆبوونەوەکە کە لە 26ـی ئۆکتۆبەر لە تاران بەڕێوەچوو، بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، دڵنیایان کردمەوە کە ئاگاداری ئەوانن، بەڵام وادەی ئازادکردنیان پێنەدام، چاوەڕوانی ساتەوەختێکی گونجاون".

ئوتاراسین سەرۆکی گروپێکە کە لە سێ دانوستانکار پێکهاتووە، کە هەموویان لە گروپی گەورەی موسڵمانەکانی تایلەندن، کە لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانی وان محەمەد نور ماتا هەڵبژێردراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان نیگەرانی ئێمەیان لەبەرچاو گرت، چونکە دەزانن کە تایلاند رەچاوی کۆمەڵگای ئیسلامی دەکات، ئەوان رێز لە تایلەند دەگرن.

بەگوێرەی دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل، بزووتنەوەی حەماس لەدوای هێرشەکەی بۆ سەر باشووری ئیسرائیل کە لە 7ـی ئۆکتۆبەر ئەنجامیدا، لانیکەم 240 بارمتەی گرتووە.

بانکۆک بڵاویکردەوە، 22 هاووڵاتی بە بارمتە گیراون، جگە لە کوژرانی 32 هاوڵاتی دیکە، ئەمەش وایکردووە ئەو وڵاتە ببێتە یەکێک لەو وڵاتانەی کە زۆرترین زیانی جەنگی بەرکەوتووە.

سریتا تاڤیسین، سەرۆک وەزیرانی تایلەند دووپاتی کردەوە، حکومەتەکەی کار بۆ ئازادکردنی بارمتەکان دەکات، هاوکات وەزیری دەرەوەش لە ماوەی هەفتەیەکدا سەردانی قەتەر و میسری کرد.

تاڤیسین درەنگانی رۆژی چوارشەممە بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، بنیامین ناتانیاهۆ قسەی کرد و گوتی: "ناتانیاهۆ پێی گوتم هەموو هەوڵێکی خۆی دەدات، بۆ ئەوەی هاوکاری دەستبەجێی بارمتە تایلەندییەکان بکات".

نزیکەی 30 هەزار کەسی تایلەندی لە ئیسرائیلن، کە زۆربەیان لە کەرتی کشتوکاڵدا کاردەکەن، لە سەرەتای سەرهەڵدانی شەڕەوە، تایلەند زیاتر لە 7 هەزار هاووڵاتی خۆی گەڕاندۆتەوە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر، بزوووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل زیاتر لە 200 بارمتەی گرت، تاوەکو ئێستاش ژمارەیەکی کەمی لە بارمتەکان ئازادکردووە.