نێردراوی کوردستان24 لە پاریس: سبەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبنەوە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا

K24 – پاریس:

نێردراوی کوردستان24 لە پاریس رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی فەرەنسا گەیشتە ئەو وڵاتە و سبەی لە کۆشکی ئیلیزێ کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاووتوێ دەکەن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) نێچێرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتی فەرمی ئیمانوێل ماکرۆن گەیشتە فەرەنسا و بڕیارە سبەی لە کۆشکی ئیلیزێ هەردوولا کۆمەڵێک پرسی گرنگ تاووتوێ بکەن.

ئاوارە هەورامی، نێردراوی کوردستان24 لە پاریس رایگەیاند، کۆبوونەوەی نێوان هەردوو سەرۆک سبەی کاتژمێر 11ـی سەر لە بەیانی دەستپێدەکات، پەیوەندییەکانی عێراق، هەرێمی کوردستان و رووداوە سیاسییەکانی ئەو ناوچەیە یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی دانیشتنەکەی هەردوو سەرۆک دەبێت.

دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە (2ـی تشرینی دووەمی 2023) کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا "ئیلیزێ" بڵاویکردەوە، سبەی هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023)، کاتژمێر 11:00 بەکاتی پاریس (کاتژمێر 13:00 بەکاتی هەولێر) ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆشکی ئێليزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات.

لەلایەن خۆیەوە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌سه‌ر بانگهێشتى فه‌رميى ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا،‌ سه‌ردانى پاريس ده‌كات و رۆژى هه‌ينى (3ـی تشرینی دووەمی 2023) له‌ كۆشكى ئێليزێ له‌گه‌ڵ ماكرۆن كۆده‌بێته‌وه‌".

لە بارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، "هه‌ردوولا په‌يوه‌ندييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و بره‌ودان به‌ هاريكاريى هاوبه‌ش و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ ده‌كه‌ن".

سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ فەرەنسا دەبێتە دووەم سەردانی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بۆ پاریس لە ماوەی ئەمساڵدا. ئێواره‌ى رۆژی پێنجشەممە (16ـی شوباتی 2023)، مەسرور بارزانى، سه‌رۆكى حکومەتی هه‌رێمى كوردستان له‌ کۆشکی ئێليزێ لە پاریس، له‌گەڵ ئيمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ره‌نسا کۆبووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌کەدا پەرەپێدان بە پەیوەندی مێژوویی و دۆستانەی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان و دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی بارودۆخی گشتيی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کرا.

ئەمە لە کاتێکدایە بڕیاروابوو کۆتایی ئەم مانگە سەرۆکی فەرەنسا بەمەبەستی بەشداریکردن لە سێیەمین کۆنگرەی بەغدا، سەردانی عێراق و پاشان هەرێمی کوردستانیش بکات، بەڵام سەردانەکە بەهۆی "بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و شەڕی حەماس و ئیسرائیل" دواخرا.