عەدالەت عومەر: عێراق قەرەبووکردنەوەی کەس وکاری قوربانیانی جینۆسایدی پشتگوێ خستووە

.
.

K24 - هەولێر

نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید رایگەیاند، عێراق لەرێگەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دانی ناوە بە جینۆسایدی گەلی کورد، بەڵام لەسەر ئەو بابەتە"خۆی گێل دەکات".

عەدالەت عومەر، نووسەر و لێکۆڵەری بواری جینۆساید، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەرەی کوردستانی لە ساڵی 1988دا، لە مانگی 3 و 4 ـی هەمان ساڵ، راپۆرتێکی لەبارەی ئەنفالدا بە کۆمسیۆنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، هەروەها لە ساڵی 1991 بڕیاری 688 سەبارەت بە کورد واژۆکرا، ئەمەش هەنگاوێکی گەورە بوو، لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نیودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان، کە هێڵی 36 یان بۆ پاراستنی کورد دانا لە پاش کۆڕەوە ملیۆنییەکەدا.

گوتیشی: رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ، لەساڵی 1992 راپۆرتێکی تەواوی لەسەر جینۆسایدی گەلی کورد ئەنجامدا، هەروەها زۆرێک لەو وڵاتان وەکو هۆڵەندا و نۆرویژ و بەریتانیا و کەنەدا لە پەرلەمانەکانییان دانیان بە جینۆساید داناوە، ئاماژەی بەوەشکرد: حکومەتی هەرێمی کوردستان، کابینەی نۆیەم لەرێگەی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان توانیان لەگەڵ زانایانی جینۆساید ئەوکارە بکەن.

دەشڵێت: عێراق لەرێگەی دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق دانی ناوە بە جینۆسایدەکە، هەروەها کورد چوار کەیسی جینۆسایدی لە دادگای تاوانەکان هەیە، کە دانی پێدانراوە ( ئەنفال و فەیلی و هەڵەبجە) پەرلەمانیش پەسەندی کردووە، بەڵام هی بارزانییەکان تاوەکو ئێستا حکومەت و پەرلەمان پەسەندی نەکردووە، گوتیشی: عێراق لەسەر ئەم بابەتانە "خۆی گێل دەکات".

راشیگەیاند، ئەم هەنگاوانە زۆر گرنگن، لەوەش گرنگتر رێکخراوی (جینۆساید وۆچ) پالپشتی ئەو کەیسەی کوردی کردووە، کە 90 دامەزراوەی جیهانی لەناو ئەو رێکخراوەدا ئەندامن، واتە ئەو کە پاڵپشتی لە جینۆسایدی کورد بکات، کەواتە 90 دامەزراوەی تر پاڵپشتی ئەو بابەتەیان کردووە، بۆیە عێراق دەبێت کار بە بڕیارەکانی دادگای تاوانەکانی عێراق بکات، کە قەرەبووکردنەوەی ماددی و مەعنەوییە و سزادانی تاوانبارانیشە.

رۆژی پێنج شەممە، بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند،  ئەو پڕۆژە بڕیارەی پەسند کرا هەنگاوێکی زۆر گرنگە، چونکە لە ماوەی رابردوودا حکومەتی عێراق، وەک پێویست ئەرکەکانی خۆی لە بەرامبەر قوربانییان جێبەجێ نەکردووە، ئەمەش ئێمەی ناچارکرد ئەو پڕۆسەیە ببەینە دەرەوە بۆ ئەوەی لەلایەن وڵاتانی جیهانەوە کاری لەسەر بکرێت ئەمەش وایکرد کۆمەڵەی زانایانی نێودەوڵەتی جینۆساید دان بە جینۆسادی گەلی کورد دابنێت.

Fly Erbil Advertisment