ئەحمەد هۆشیار بۆ کوردستان24: گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایین

K24 – هەولێر:
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە ئێستادا بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێودەچن و رایگەیاند، هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو کۆمپانیایانە دەکەن کە قەرەبووی ئەو هاووڵاتییانە دەکەنەوە پێشتر نەیانتوانییەوە لەکاتی دیاریکراوی خۆیاندا گەشت بکەن.
رۆژی هەینی (3ـی تشرینی دووەمی 2023) ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، ئەنجامدانی گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بەشێوەیەکی ئاسایی بەپێی خشتەی کاتی دیاریکراوی خۆیان بەرێوەدەچن و هیچ گرفتێک لەبەردەم گەشتیاران نییە بۆ گەشتکردن،
هاوکات ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوەشکرد، داوا لەو هاووڵاتییانە دەکەین کە لەماوی چەند کاتژمێر رابردوو گەشتەکانیان ئەنجامنەدرا، سەردانی کۆمپانیاکان بکەن بۆ گۆڕینی بلیتی گەشتەکانیان لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر جەختی کردەوە، هەموو ئاسانکارییەک بۆ کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی دەکەن بۆ ئەوەی بتوانن خشتەی گەشتی ئەو گەشتیارانە رێکبخەنەوە کە نەیانتوانیوە لە کاتی خۆیاندا گەشت بکەن و روونیکردەوە، بە ئامادەکردنی فڕۆکەی گەورەتر یاخود گەشتی زیاتر، ئامادەن هەماهەنگییان لەگەڵ بکەن لەپێناو هاوکاریکردنی ئەو گەشتیارانەی لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە گەشت دەکەن.
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی ھەولێر گەورەترین و فراوانترین فرۆکەخانەی هەرێمی کوردستانە، لە دوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراق لە 2003، حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی 2005 دایمەزراند.