ئه‌مه‌ریكا له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كدا زۆرترین هاوكاری پێشكه‌ش به‌ ئه‌فغانستان و عێراق كردووه‌

ئاڵای ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كۆشكی سپی
ئاڵای ئه‌مه‌ریكا له‌سه‌ر كۆشكی سپی

K24 – هه‌ولێر:

به‌گوێڕه‌ی راپۆرتێكی هاوبه‌شی نێوان ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و وڵاته‌، عێراق له‌ ریزبه‌ندی دووه‌می ئه‌و وڵاتانه‌یه‌ كه‌ له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2003ـوه‌ زۆرترین هاوكاری له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ كراوه‌.

ئاژانسی ئه‌مه‌ریكی بۆ په‌ره‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ راپۆرتێكیاندا روونیان كردووه‌ته‌وه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ ئه‌فغانستان و عێراق و ئیسرائیل له‌ پله‌ی یه‌كه‌م تا سێیه‌می ئه‌و وڵاتانه‌ دێن، كه‌ ئه‌مه‌ریكا له‌وه‌ته‌ی ساڵی 2000ـوه‌ هاوكاری پێشكه‌ش كردوون.

راپۆرته‌كه‌ روونیكردووه‌ته‌وه‌، ئه‌فغانستان به‌ بڕی 144 ملیار دینار، عێراق به‌ 91 ملیار دینار، ئیسرائیل به‌ 84 ملیار دینار له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ هاوكاری كراون.

ئه‌و راپۆرته‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، هه‌ر یه‌ك له‌ میسر به‌ بڕی 44 ملیار و ئۆكرانیا به‌ بڕی 32 ملیار له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه‌ هاوكاریان پێشكه‌ش كراوه‌.

به‌ گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ ژماره‌كان به‌ گوێره‌ی نرخی له‌ ساڵی 2021 دانراون و هه‌ژمار كراون، كه‌ هاوكارییه‌كانی ئه‌مه‌ریكاش به‌و وڵاتانه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ پابه‌ندییه‌ ئابووری و سه‌ربازییه‌كانی بۆ هه‌ر یه‌ێك له‌و پێنج وڵاته‌.