46 رۆژنامەنووس لە شەڕی غەززە کوژراون

K24 - هەولێر
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە رایگەیاند، 46 رۆژنامەنووس لە کەرتی غەززە بەهۆی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس کوژراون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، شەڕی ئیسرائیل و غەززە، شەڕێکی خوێناوییە بۆ رۆژنامەوانان، کە لە ماوەی 30 ساڵی رابردوودا ئەو ژمارە زۆرەی رۆژنامەنووسان لە ماوەیەکی کەمدا لەکاتی رووماڵ کردن نەکوژراون.
نووسینگەی راگەیاندنی حکومەتی غەززە راشیگەیاند، "ئیسرائیل دەستی نەپاراستووە لە رۆژنامەوانان لە کەرتی غەززە، بەتایبەت لە کۆمەڵێک رۆژنامەوان، لە باشووری لوبنان لە 13 ئۆکتۆبەردا.
جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس لە کەرتی غەززە، 29 رۆژە بەردەوامە و بەگوێرەی ئامارەکانی تەندروستی غەززەش، زیاتر لە نۆ هەزار کەس کوژراون و زیاتر لە 32 هەزار کەسی دیکەش برینداربوون. لە بەرامبەردا، زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراون لە کۆی ئەو ژمارەیەش 350 کەسیان سەربازی سوپای وڵاتەکەن و زیاتر لە 200 کەسی دیکەش بە بارمتە لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەر کراو.
دوای ئەوەی رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی، سوپای ئیسرائیل بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە کرد.
ئا: لاڤین عومەر