رێکخەرانی فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە: مليارێک و 350 مليۆن دينار فرۆشی فێستيڤاڵی هەنار و پاییزی هه‌ڵه‌بجه‌ بووه‌

K24 - هەولێر:

رێکخەرانی نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە، له‌ كۆتا رۆژی فێستیڤاڵه‌كه‌ رایانگه‌یاند، 270 هەزار گەشتیار سەردانی نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پایزیان کردووە.

ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد، تیمەکان لە دوو بازگەوە ئاماری گەشتیارانیان بە شێوەیەکی زانستی کۆکردووه‌تەوە.

تیشكخرایه‌سه‌ر ئه‌وه‌ی، كه‌ مليارێک وسێسەت و پەنجا مليۆن دينار فرۆشی فێستيڤاڵی هەنار بووە لەسێ رۆژی فێستیڤاڵه‌كه‌دا.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو، ئەمساڵ 750 شوێن بەسەر 900 پیشەوەر و باخەوانی هەڵەبجەدا دابەشکراوە، لەو رێژەیە 46%ی بەخانمان و 20%ی بۆپیشەوەرانی دەرەوەی هەڵەبجە بووە.

رۆژی 2ـی تشرینی دووه‌می 2023  نۆیەمین فێستیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە لە پارک و شاری یاریی هەڵەبجە بە بەشداریی 600 جووتیار دەستیپێکرد و بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.

لە فێستیڤاڵەکەدا 720 شوێن بۆ جووتیاران، باخەوانان و خاوەنکاران دابینکرابوو.

نزیکەی نیوەی بەرهەمی هەناری هەموو کوردستان لە هەڵەبجەیە. لە فێستیڤاڵەکەدا، جگە لە هەنار، خواردنە کوردەوارییەکان، دۆشاو، سرکە، هەنگوین، گوێزی هەورامان، توو و بەرهەمەکانی دیکەی ناوچەکە پیشاندران.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە لەکاتی بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو: "ئەم فێستیڤاڵە یەکێکە لە کولتوورە جوانەکانی هەڵەبجە و نۆ ساڵە بەردەوامە. دوو مەبەست لە پشتییەوە هەیە؛ یەکەمیان، پیشاندانی ئەم بەرهەمە خۆماڵییە جوانەی جووتیارانی هەڵەبجە، شارەزوو و هەورامان و بە بازاڕکردنیانە و، ئامانجی دووەمیشمان، پتەوکردنی پەیوەندییە کولتوورییەکانە. واتا فێستیڤاڵەکە دوو رەهەندی هەیە؛ ئابووری، بووژانەوە و قوتی خەڵک و، ئاڵوگۆڕی کولتووریی".

لە هەڵەبجە نۆ هەزار دۆنم زەویی باخی هەنار هەن، ئەگەر بەرهەمەکەیان بە رێژەی سەدا 100 بێت، ساڵانە نزیکەی 30 هەزار تۆن بەرهەمی هەناریان دەبێت.