بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە فڕۆکەخانەی هامبۆرگ لە ئەڵمانیا داخرا

K24 – هەولێر
بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە بۆ ماوەیەک گەشتکردن لە فڕۆکەخانەی هامبۆرگ داخرا و 27 گەشت راگیران.
پۆلیسی شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، کەسێک بە ئۆتۆمبێلەوە سنووری فڕۆکەخانەی هامبۆرگی بڕیوە و لە تەنیشت یەکێک لە فڕۆکە گەشتیارییەکان چەند جارێک تەقەی بە ئاسماندا کردووە، هەربۆیە فڕۆکەخانەکە بۆ ماوەیەک بەهۆی هەڕەشەی ئەمنییەوە 27 گەشتی راگرتووە.
لە راگەیەندراوێکدا پۆلیسی هامبۆرگ باسی لەوەشکردووە، ئەو کەسەی لەناو فڕۆکەخانە تەقەی کردووە تەمەنی 34 ساڵە و منداڵێکی چوار ساڵ کە گوماندەکرێت منداڵی خۆی بێت وەک بارمتە لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا دەستبەسەرکردووە.
پۆلیسی هامبۆرگ ئاماژەی بەوەشداوە، رووداوەکە هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەتووەوە و لە هەوڵی دەستگیرکردنی تەقەکەرەکەدان.

