پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا کۆدەبنەوە

K24 - هەولێر
سێشەممەی داهاتوو پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لە پیرمام کۆدەبنەوە، هەر یەکە لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا دەکەن.
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 05-11-2023، سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی بە کوردستان24ـی راگەیاند، سێشەممەی داهاتوو، 07-11-2023، هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پیرمام کۆدەبنەوە.
بە گوێرەی هەمان سەرچاوەی کوردستان24، نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی، جێگرانی سەرۆک بارزانی سەرۆکایەتیی شاندەکەی پارتی دەکەن و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانیش سەرۆکایەتیی شاندی یەکێتی دەکەن.
دوایین کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی لە 30ی تەممووزی 2023 لە سلێمانی ئەنجامدرا. لە کۆبوونەوەکەی ئەمجارەدا هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، دۆخی ئێستای ناوچەکە و پەیوەندییە دووقوڵییەکانی هەردوولا تاوتوێ دەکرێن.
پێشتر سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، "بڕیارە لە چەند رۆژی ئاییندەدا پارتی و یەکێتی کۆببنەوە. کۆبوونەوەکە لە چوارچێوەی گەڕێکی سەردانەکانی سەرکردایەتی نوێی یەکێتییە لە دوای ئەنجامدانی کۆنگرەی پێنجەم. کۆمەڵێک دۆسییەی ناوخۆیی و عێراقی هەن بڕیار وایە ئەم دوو حزبە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن".