هەرێم جەمال: بەردەوامیی بایکۆتی مامۆستایان لە سلێمانی ئەجێندای سیاسی لەپشتە

K24 – سلێمانی:
بایکۆتى پڕۆسەى خوێندن لەبەشێکى زۆرى قوتابخانەکانى سلێمانى لە لایەن مامۆستایانەوە بەردەوامە، لە کاتێکدا کە ئەوە حکومەتى عێراقە بە مەبەست پێدانى شایستە داراییەکانى خەڵکى کوردستان دوادەخات، شارەزایەکى بوارى پەروەردە پێى وایە لە هیچ شوێنێکى دونیا نەبووە ئەجێنداى سیاسی تێکەڵ بە پەروەردە بکرێت وەک ئەوەى ئێستا لە سنوورى سلێمانى دەگوزەرێت.
نزیكەی دوومانگە دەرگاى قوتابخانەکان لە پارێزگای سلێمانی بە هۆى بایکۆتى مامۆستایانەوە داخراوە. سۆزی کارزان، قوتابی لە قوتابخانەیەکی سلێمانی بە تامەزرۆییەوە خەون بەوە دەبێنێت هەرچی زووە پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە و دەڵێت: "قوتابخانە دابخرێت زۆر ناخۆشە، هەموومان حەز دەکەین هەرچی زووە قوتابخانە بکرێتەوە، حەز دەکەم لە قوتابخانەدا بخوێنم و لەگەڵ رەفیقەکانم گفتوگۆ بکەم".
بەھۆی دواكەوتنی مووچە و شایستەداراییەكانی ھەرێمی كوردستان لە لایەن حكومەتی عێراقەوە فەرمانبەران تەواوی مووچەكانیان وەرنەگرتووە و مامۆستایانیش لە سنووری پارێزگای سلێمانی بایكۆتی خوێندنیان كردووە.
لەلای خۆیەوە هەرێم جەمال، شارەزاى بوارى پەروەردە تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، "لە هیچ ووڵاتێکى دونیا ئەوە نییە پەروەردە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت، سیاسەت بە رێى خۆى پەروەردە بە رێى خۆى، هیچ مەنتق نییە 700 هەزار قوتابى سنوورى سلێمانى لە ماڵەوە خەریکى خەو بن خەڵکى دیکەش موزایەدەی سیاسی پێوەبکات".
گوتیشی: "بەداخەوە مامۆستایان کە حەق و مافى شەرعى خۆیانە مووچەکانیان لەکاتی خۆیدا بدرێت، ئێمە هیچ گرفتێکمان لەوە نییە، بەڵام داواکارم تێکەڵ بەو ئەجێندا سیاسییە نەکرێن کە لەناوچەکە و لە سلێمانى بەڕێوەدەبرێن".
نزیکەى دوومانگە مامۆستایان لە سلێمانى بایکۆتى دەوامیان کردووە قوتابییانیش تادێت زیاتر لە خوێندن دوادەکەون، ئەوە لە کاتێکدایە قوتابییان بەردەوام داوا دەکەن دەرگاى قوتابخانەکان بکرێتەوە بۆ ئەوەى خوێندنى ئەمساڵیان نەفەوتێت.