محەممەد رەشید: لە رێگەی باڕکۆدێکەوە هاووڵاتییان زانیارییان لەبارەی دەرمانەکان پێدەدرێت

محەممەد رەشید، بەرپرسی بەشی چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان
محەممەد رەشید، بەرپرسی بەشی چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان

K24 – هەولێر:

بەڕێوبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان بۆ ماوەی یەک هەفتە کەمپینێک رادەگەیەنێت بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە سەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان، بەرپرسێکی بەشی چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان، رایدەگەیەنێت، ئامانجی سەرەکی ئەم کەمپینە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە.

محەممەد رەشید، بەرپرسی بەشی چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، ئەمە بۆ یەکەمینجارە لە کوردستان کەمپینێک رادەگەیەندرێت دەربارەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان، "ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنترۆڵ هۆبەیەکمان کردووەتەوە بەناوی هۆبەی کاریگەری دەرمانە لاوەکییەکان لەژێر سەرپەرشتی چەندین پزیشکی پسپۆڕی دەرمانساز، ئەم کەمپینە لەلایەن چەندین وڵاتەوە سەرپەرشتی دەکرێت".

هاوکات راشیگەیاند، کاتێک هاووڵاتیی دەرمانێک بەکاردەهێنێت بۆ چارەسەری نەخۆشییەک، لە هەمانکاتدا لەوانەیە ئەم دەرمانە کاریگەری لاوەکی لەسەر ئەم هاووڵاتییە بەجێبهێڵێت، هەر دەرمانێک ستیکەرێکی وەزارەتی تەندروستی پێوەیە، ئەم ستیکەرە باڕکۆدێکی لەسەرە لە رێگەی ئەم بارکۆدەوە هاووڵاتیی دەتوانێت تەواوی زانیاری لەسەر دەرمانەکە بەدەست بهێنێت، هەروەها لە خوارەوەی ئەو باڕکۆدە ژمارەی هێڵێکی گەرمی کوالێتی کۆنتڕۆڵ هەیە کە بۆ سکاڵاکردن هاووڵاتییان دەتوانن بەکاریبهێنن لە ئەگەری بوونی هەر کێشە و گرفتێک لە دەرمانەکە.

ئەو بەرپرسەی بەشی چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان، دەڵێت: ئامانجی سەرەکی ئەم کەمپینە هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییانە.

محەممەد رەشید، گوتیشی: نەخۆش لەکاتی بەکارهێنانی دەرمان کە تووشی کاریگەری لاوەکی بوو نابێت واز لە بەکارهێنانی دەرمانەکەی بهێنێت، بەڵکو دەبێت پزیشکی پسپۆڕی لێ ئاگاداربکاتەوە، چونکە وازهێنانی دەرمان تەنیا لەلایەن پزیشکی پسپۆڕەوە دەبێت بڕیاری لەسەر بدرێت.

ئەو بەرپرسەی بەشی چاودێری بازاڕ و بازگەکان لە کوالێتی کۆنترۆڵی دەرمان، باسی لەوەشکرد، دیاردەیەک لە هەرێمی کوردستان بەربڵاوە ئەویش بەکارهێنانی دەرمانە بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ، کاتێک نەخۆش بەبێ راوێژی پزیشکی پسپۆڕ دەرمانێک بەکاردەهێنێت بێ ئاگایە لەوەی کە تووشی زیانی زۆر گەورەتری دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێستا هەڵمەتێکمان دەستپێکردووە لە بەڕێوەبەرایەتی کوالێتی کۆنتڕۆڵ کە فرۆشتن و مامەڵەپێکردنی دەرمان لەلایەن نۆرینگە پیشەییە تەندروستییەکانەوە بە هەموو شێوەیەک بەیاسا قەدەغە کراوە، روونیکردەوە، دەرمان تەنیا دەبێت لە دەرمانخانەکان لەلایەن پزیشکی دەرمانسازەوە بە هاووڵاتییان بفرۆشرێت.

محەممەد رەشید، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، پێویسته‌ دكتۆره‌كان زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ده‌رمان به‌ نه‌خۆش بده‌ن.

بەڕێوبەرایەتی کوالێتی کۆنتڕۆڵی دەرمان بۆ ماوەی یەک هەفتە کەمپینێک رادەگەیەنێت بۆ هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتییان لە سەر کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمان، لەم کەمپینە جیاوازتر لە جاران بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییانە، هەروەها هاووڵاتییان بە پڕکردنەوەی فۆڕمێکی تایبەت بە شێوەی ئۆنلاین ئاگاداری جۆری دەرمان و کاریگەرییەکانی لەسەر جەستەیان دەبن.

Fly Erbil Advertisment