ئاسایشی هەولێر باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختە دەستگیر دەکات

K24 – هەولێر:

هێزەکانی ئاسایشی هەولێر باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختەیان دەستگیر کرد و پاش لێکۆڵینەوە دانیان بە تاوانەکەیان هێنا.

رۆژی یەکشەممە (5ـی تشرینی دووەمی 2023) بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر لە راگەیاندراوێکدا دەستگیرکردنی باندێکی ساغکردنەوەی دراوی ساختەیان لە شاری هەولێر ئاشکرا کرد.

بەپێی راگەیاندراوەکەی ئاسایشی هەولێر، هێزەکانیان، پاش وەرگرتنی فەرمانی داوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر، چوار تۆمەتباریان بەناوەکانی (م ، ر ، س)، (م ، ن ، س)، (م ، م ، ر) و (أ ، د ، ع) دەستگیر کردووە بە تاوانی ساغکردنەوەی بڕێکی زۆری دراوی ساختە لە بازاڕەکانی شاری هەولێر لەجۆرەکانی (پەنجا هەزاری)، (بیست و پێنج هەزاری)، (دە هەزاری ) و (پێنج هەزاری).

لە بەدواداچوونێکی ئالان زەندی، رۆژنامەنووس لە کوردستان24 ئاماژە بەوەکراوە، ئەو تۆمەتبارە دەستگیرکراوانە دراوی ساختەی عێراقی و دۆلار یان لابووە و لە یانەکانی شەوانە و دیسکۆ و باڕەکان بەسەر ئافرەتە سەماکارەکانیان باراندووە، کە زانراویشە ئەو دراوانە ساختەن، تۆمەتبارەکان ئافرەتە سەماکارەکانیانیشیان نیگەران کردووە لەوەی هەڵیان خەڵەتاندوون و سکاڵایان تۆمارکردووە.

لەگەڵ ئەوەشدا، تۆمەتبارەکان بە پارە ساختەکانیان ماتۆرسکیل و کەلوپەلی دیکەیان کڕیووە، سەرباری ئەوەی شەوانە پارەکەیان لە یانەکانی شەوانە خەرجکردووە.

ئا/ کارزان حەیدەر

Fly Erbil Advertisment